Accessibility links

گروپـێـكی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراق ده‌ڵێت 14 سه‌رباز و پـۆلیسی عێراقی كوشـتووه‌


كۆمه‌ڵـێـكی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراق ده‌ڵـێت پاش ته‌واوبوونی ئه‌و دوا مۆڵه‌ته‌ی كه‌ ده‌سـتنیشـانیان كردبوو بۆ ئازادكردنی زیندانیـیه‌ سوننه‌كان، ئه‌و 14 سه‌رباز و پـۆلیسه‌ عێراقیـیه‌یان كوشـتووه‌ كه‌ پـێشتر ده‌سـتـگیریان كردبوون.

ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ ڤیدیۆیه‌كی له‌سه‌ر ئنته‌رنێت بڵاوكردۆته‌وه‌ و تیایدا نیشـان ده‌دات یاخیبوویه‌كی ده‌مامـكدراو گولله‌ به‌ سه‌ری ئه‌و عێراقیـیانه‌ ده‌نێت.

ده‌ڵێن ئه‌وان له‌ دووشه‌ممه‌وه‌ ئه‌و 14 عێراقیـیه‌یان ده‌ستگیركردووه‌، وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشـتنیانیان كردووه‌ ئه‌گه‌ربێت و حكومه‌تی عێراقی له‌ ماوه‌ی 72 كاتژمێردا زیندانه‌ موسـڵمانه‌ سوننیـیه‌كان ئازاد نه‌كات.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن ڕۆژی هه‌ینی مزگه‌وتێـكی سونـنه‌كان له‌ نزیـك شـاری به‌سره‌ له‌ باشوری عێراق ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ و وێرانكراوه‌.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ له‌وه‌تای له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌وه‌ مه‌زاری پـیرۆزی شیعه‌كان ئه‌لعه‌سكه‌ری له‌ سـامه‌ڕا به‌ده‌ستی گومان لێـكراوانی ئه‌لقاعیده‌ ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ به‌لایه‌نی كه‌م هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر 6 مزگه‌وتی سوننه‌كان.

له‌ پـێشهاته‌یه‌كی تردا له‌شـكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند كه‌وا ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ پارێزگای دیاله‌ سه‌ربازێـكی ئه‌مریكی كوژراوه‌، وه‌ هه‌روه‌ها 3 سه‌ربازی دیكه‌ی ئه‌مریكیش هه‌ر ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێـك له‌ كه‌ركوك كوژراون.

هاوكات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕازیل ڕایگه‌یاند كه‌وا ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌ی ‌ به‌سه‌ر پاشـماوه‌ی ته‌رمی ئه‌ندازیارێـكی به‌رازیلیدا كراوه، كه‌ له‌ سـاڵی 2005 له‌ عێراق ڕفێندرابوو و پاشـان دۆزرایه‌وه‌، ئه‌رێنی بووه‌.

كاتی خۆی گروپـێـكی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ به‌ ناوی ئه‌سراب ئه‌لموجاهیدین به‌رپـرسـیارێتی خۆیان له‌ ڕفاندنی ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ ڕاگه‌یاندبوو.

XS
SM
MD
LG