Accessibility links

مه‌راسیمێـك له‌ واشـنتۆن بۆ ڕێزلێنان له‌ قوربانیانی ده‌ستی كۆمۆنیزم به‌ڕێوه‌ده‌چێت


ڕۆژی سێشه‌ممه‌ و له‌ مه‌راسـیمێـكدا له‌ واشـنتۆن بۆ ڕێزلێنان له‌ قوربانیانی ده‌ستی كۆمۆنیزم، په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌رێـكی برۆنزی لادرا كه‌ وێنه‌ی ئه‌و په‌یكه‌ره‌یه‌ كه‌ له‌ سـاڵی 1989 دا له‌ لایه‌ن خوێندكارانی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی په‌كینه‌وه‌ له‌سه‌ر شـێوه‌ی په‌یكه‌ری ئازادی ئه‌مریكا داتاشرابوو و‌ ناویان لێ نابوو " خودای دیموكراسی" ، وه‌ پاشـان له‌ خۆپـیشـاندانه‌كانی مانگی پـێنجی هه‌مان سـاڵدا خوێندكاره‌كان له‌گه‌ڵ خۆیاندا په‌یكه‌ره‌كه‌یان به‌ره‌و گۆڕه‌پانی تیانانمێن برد، وه‌ هه‌ر له‌وێ ڕژێمی كۆمۆنیزمی به‌ ئاگر و ئاسن وه‌ڵامی دانه‌وه‌.

له‌و مه‌راسیمه‌دا سه‌رۆك بوش گوته‌یه‌كی پـێشـكه‌ش كرد، وه‌ گوتی ئه‌ركی سه‌رشـانمانه‌ ڕێز له‌ گیانی پاكی زیاتر له‌ 100 ملیۆن له‌ پـیاو و ژن و منداڵه‌ بگرین كه‌ له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا له‌ژێر حوكمی كۆمۆنیسـته‌كان گیانیان له‌ده‌ست دا.

پاش ته‌واوبوونی مه‌راسیمه‌كه‌ ده‌زگای كه‌له‌پوور له‌ واشـنتۆن The Heritage Foundation كۆڕێـكی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ قوربانیانی ده‌ستی كۆمۆنیزم سـازكرد.

سه‌رۆكی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا هۆمه‌ر شـێخموس ئاماده‌ی كۆڕه‌كه‌ بووبوو، وه‌ هاوكارمان به‌ڵـێن سـاڵح له‌و باره‌یه‌وه‌ وتووێـژێـكی له‌گه‌ڵدا سـازكردووه‌.

هه‌روه‌ها په‌یامنێری به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ كۆشـكی سـپـی پـۆڵا ۆڵفسن ڕاپـۆرتێـكی ڤیدیۆیی سه‌باره‌ت به‌و مه‌راسیمه‌ ئاماده‌كردووه‌، وه‌ هه‌ردوو هاوكارمان شـایان پاشـا و به‌ڵێن سـاڵح وه‌ریانگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

XS
SM
MD
LG