Accessibility links

كۆمه‌ڵـێـك چه‌كدار له‌ عێراق منداڵانی به‌ڕێوه‌به‌رێـكی پـۆلیس ده‌ڕفێنن و 14 كه‌سیش ده‌كوژن


كاربه‌ده‌سـتانی ئایسایشی عێراق ده‌ڵـێن له‌ پارێزگای دیاله‌ كۆمه‌ڵـێـك چه‌كدار هێرشـیان كردۆته‌ سه‌ر ماڵی به‌ڕێوه‌به‌رێـكی پـۆلیس،‌ 3 منداڵیان ڕفاندووه‌ و 14 كه‌سی دیكه‌شـیان كوشـتووه‌.

كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵـێن هێرشه‌كه‌ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی هه‌ینی له‌ نزیـك شـاری باقوبه‌ ڕوویداوه‌‌، وه‌ ‌خێزانی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ و دوو برای و هه‌روه‌ها 11 پاسه‌وانی تیایدا كوژراون.

له‌ باشوری عێراقیش، له‌ئاكامی دوو ته‌قینه‌وه‌ له‌ شـارۆچكه‌ی قوڕنه‌ به‌لایه‌نی كه‌م 16 كه‌س كوژراون و زیاتر له‌ 30 كه‌سی تریش برینداربوون.

كاربه‌ده‌سـتانی پـۆلیس ده‌ڵـێن هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌ دوای یه‌كدا ڕوویان داوه‌، كه‌ یه‌كێـكیان له‌ ناو پاسێـكدا له‌ وێسـتگه‌یه‌كی پاسدا بووه‌ و ئه‌وی دیكه‌شـیان له‌ نزیـك بازاڕێـكی ئه‌و شـارۆچكه‌یه‌دا ڕوویداوه‌.

شـارۆچكه‌ی قوڕنه‌ نزیكه‌ی 60 كیلۆمه‌تر له‌ باكوری شـاری به‌سره‌ دووره‌ و ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو ڕوباری دیجله‌ و فورات تیایدا یه‌كده‌گرنه‌وه‌.

له‌ باكوری عێراقیش، له‌ شـارۆچكه‌ی داقوق و له‌ئاكامی هێرشـێـكی به‌ بۆمب له‌ ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وتێـكی شیعه‌ئاینزا به‌لایه‌نی كه‌م 10 كه‌س كوژران و 10 ی تریش برینداربوون.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌شـكری ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند كه‌وا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌میانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانیاندا له‌ پارێزگای ئه‌نبار یه‌ك تێرۆریسـتیان كوشـتووه‌ و 12 ی تریشـیان ده‌سـتگیر كردووه‌.

له‌ هه‌واڵێـكی تردا موقته‌دا ئه‌لسه‌در، ئه‌وه‌ی ڕێبه‌رایه‌تی له‌شـكری مه‌هدی ده‌كات، داوای له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیـیه‌كان كرد یارمه‌تی بده‌ن له‌ دانانی سـنوورێـك بۆ مه‌ینه‌تی عێراقیـیه‌كان.

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ و له‌ چاوپـێـكه‌وتنێـكدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌فیزیۆنی ئه‌لعێراقیـیه‌ موقته‌دا ئه‌لسه‌در دووباره‌ داوای ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكای له‌ عێراق كرد، وه‌ هه‌روه‌ها هه‌موو ده‌سـتێوه‌رادانێـكی ده‌ره‌كی له‌كاروباری عێراقی ڕه‌تكرده‌وه‌، وه‌ به‌ ئێرانیشه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌م هه‌واڵانه‌ و چه‌ندین هه‌واڵی دیكه‌ی ڕۆژی هه‌ینی عێراق په‌یامنێرمان سروه‌ عه‌بدولواحد له‌ شـاری به‌غدا ڕاپـۆرتێـكی ئاماده‌كردووه‌، وه‌ ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 2 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG