Accessibility links

به‌هۆی هێرشی به‌ گولله‌ هاوه‌ن 5 كه‌س له‌ فه‌لوجه‌ ده‌كوژرێن


كاربه‌ده‌سـتانی ئاسایشی عێراقی ده‌ڵێن له‌ئاكامی هێرشی به‌ گولله‌ هاوه‌ن له‌ فه‌لوجه‌ی ڕۆژئاوای به‌غدا به‌لایه‌نی كه‌م 5 كه‌س كوژراون و 15 كه‌سی تریش بریندار بوون.

كاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن ئه‌و هێرشه‌ی كه‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌ گولله‌ هاوه‌ن ئه‌نجام دراوه‌ پـێده‌چێت مه‌به‌سته‌كه‌ی بنكه‌یه‌ی له‌شـكری ئه‌مریكا بووبێت، به‌ڵام له‌بری ئه‌و به‌ر ناوچه‌یه‌كی مه‌ده‌نی كه‌وتووه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌دری زۆرینه‌ شیعه‌ی شـاری به‌غدا هێزه‌كانی هاوپه‌یمان 6 كه‌سی گومان لێـكراویان ده‌سـتگیركردووه‌ كه‌ بڕوا ده‌كرێت ئه‌ندامی شانه‌یه‌ك بن كه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ هێنانی بۆمبی لاڕێ و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ ئێرانه‌وه‌.

هاوكات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق هۆشـیار زێباری ده‌ڵێت ڕفاندنی ئه‌و پـێنج به‌ریتانیـیه‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ به‌غدا زۆر به‌وه‌ ده‌چێت كاری له‌شـكری مه‌هدی بێت، وه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌لایه‌ن پـۆلیسی خۆجێـیـیه‌وه‌ یارمه‌تی درابن.

شـایانی باسه‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كدار به‌ جلوبه‌رگی پـۆلیسه‌وه‌ هێرشـیان كردۆته‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، وه‌ له‌وێ شـاره‌زایه‌كی بواری دارایی له‌گه‌ڵ 4 پاسه‌وانی به‌ریتانیـیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ بۆ كۆمپانیای GardaWorld بنكه‌ له‌ كه‌ندا كار ده‌كه‌ن.

له‌ پـێشـهاته‌یه‌كی تردا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌رپـرسـیارێتی ئاسایشی 3 پارێزگای ناوچه‌ی كوردیـیان داوه‌ته‌وه‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق.

به‌ گواسـتنه‌وه‌ی به‌رپـرسـیارێتی ئاسایشی پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی بۆ ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌ی ئه‌و پارێزگایانه‌ی كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ژێر كۆنتڕۆڵی عێراقیـیه‌كان ده‌بێت به‌ 7 پارێزگا له‌ كۆی 18 پارێزگای عێراق.

پـێشـتر پارێزگاكانی نه‌جه‌ف و موثه‌ننا و ذی قار و مه‌یسـان له‌ باشوری عێراق دراوه‌ته‌وه‌ ده‌ست عێراقیـیه‌كان.

XS
SM
MD
LG