Accessibility links

ئه‌مریكایی‌یه‌كان له‌ ڕۆژی بیره‌وه‌ری ڕێـز له‌ قوربانیـیه‌كانیان ده‌گرن

  • Paula Wolfson

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 28 ی مانگی پـێنج ڕۆژی بیره‌وه‌ریـیه‌ Memorial Day له‌ ئه‌مریكا، كه‌ بۆنه‌یه‌كی فه‌رمیـیه‌ و‌ تیایدا ڕێز له‌و كه‌سـانه‌ ده‌گیرێت كه‌ گیانی خۆیان بۆ وڵاته‌كه‌ كردۆته‌ قوربانی.

له‌و ڕۆژه‌دا سه‌رۆك بوش ڕێبه‌رایه‌تی مه‌راسیمی ئه‌و یادكردنه‌وه‌یه‌ی له‌ گۆڕسـتانی نیشـتیمانی ئه‌ڕڵنگتن كرد.
په‌یامنێری به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ كۆشـكی سـپی ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماده‌كردووه‌، وه‌ هاوكارمان به‌ڵـێن سـاڵح وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ ئه‌مریكایـی‌یه‌كان یادی ئه‌وانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ده‌می خزمه‌تكردنی وڵاته‌كه‌یاندا له‌ له‌شـكردا كوژراون. وه‌ هیچ شـوێنێـك هێنده‌ی گۆڕسـتانی نیشـتیمانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ی ئه‌ڕڵنگتنی سـتانی ڤێرجینیا ئه‌و یادكردنه‌وه‌یه‌ی لێـده‌كرێت كه‌ نزیكه‌ی حه‌وت نه‌وه‌ی كوژراوه‌كانی له‌شـكر له‌وێ نێژراون.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت " ئه‌مڕۆ ڕێز له‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ ده‌گرین كه‌ شه‌ڕی دوژمنانی ئه‌م نیشـتیمانه‌یان كردووه‌، ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی داكۆكیـیان له‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی كردووه‌ و ژیانیان له‌ پـێناو ئازادیدا به‌خشـیوه‌."

سه‌رۆك بوش ئه‌م گوتاره‌ی خۆی له‌ گۆڕسـتانی نیشـتیمانی له‌ ئه‌ڕڵنگتن پـێـشـكه‌ش كرد.

زۆر له‌ قاره‌مانه‌ مه‌زنه‌كانی له‌شـكری ئه‌مریكا له‌م گۆڕسـتانه‌ی ئه‌ڕڵنگتن نێـژراون، هه‌روه‌ها سه‌دان هه‌زار سه‌ربازیش كه‌ ته‌نها كه‌سوكاره‌كانیان و یان ناوچه‌كه‌یان ده‌یانـناسن.

له‌وانه‌ سه‌دان سه‌ربازی تیادایه‌ كه‌ له‌وه‌تای هێرشه‌ تێرۆركاریـیه‌كانی 11 ی سـێپـته‌مبه‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كانی وه‌ك كابوڵ و قه‌نده‌هار و به‌غدا و ڕومادی كوژراون.

هه‌ندێ له‌ گۆڕه‌كان هێشـتاش بۆنی گڵ متكی نوێـیان لێ دێت، هه‌ندێـكیش به‌ په‌یامی تایبه‌ت و ئاڵا و تاجه‌گوڵینه‌ داپـۆشـراون.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت " وه‌ك ئه‌وانی پـێش ئه‌مان شه‌ڕیان نه‌ده‌ویست به‌ڵام له‌ كاتی پـێویسـتدا به‌ ده‌نگه‌وه‌ ده‌هاتن، بڕوایان به‌وه‌ بووه‌ شـتێـك له‌ خۆیان به‌رزتره‌. ئه‌وانه‌ شه‌ڕیان بۆ وڵاته‌كه‌مان كرد و وڵاته‌كه‌شـمان هاوهه‌ڵوێسـته‌ له‌وه‌ی پـرسه‌ و مه‌خابنی خۆی ده‌ربـبڕێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك كه‌س بن."

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت نابێت قوربانیدانی ئه‌وانه‌ بێ به‌ربێت و پاراسـتنی ئازادیش هه‌رگیزاو هه‌رگیز كۆتایی نایه‌ت.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت" ده‌بێت له‌ مردنی ئه‌وانه‌وه‌ جیهانێـك بێته‌ كایه‌وه‌ خه‌ونی دڕندانه‌ی سه‌ركوتكه‌ران و تێرۆریسـتان ڕێـگه‌ی لێ بگیرێت و هه‌ڵبووه‌شـێنرێته‌وه‌، وڵاته‌كه‌مان پارێزراوتربێت له‌ ئه‌گه‌ری هێرشـكردنه‌ سه‌ر، كه‌ له‌م وڵاته‌دا دیاری سه‌ربه‌خۆیی پارێزراوه‌ بۆ به‌ ملیۆنان خه‌ڵـك كه‌ هه‌رگیز نه‌مانـناسیون."

به‌ر له‌ پـێشـكه‌شـكردنی گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بوش تاجه‌گوڵینه‌یه‌كی له‌سه‌ر گۆڕی سه‌ربازی ون دانا، له‌م گۆڕه‌دا ئێسك و پـروسكی ژماره‌یه‌ سه‌ربازی ئه‌مریكی تیادایه‌ كه‌ نه‌ناسراون و له‌ شه‌ڕه‌ سه‌ره‌كیـیه‌كاندا كوژراون. له‌م سه‌ردانه‌یدا سه‌رۆك بوش له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكاری ئه‌و سه‌ربازه‌ كوژراوانه‌ی دوا مه‌زاریان له‌ گۆڕسـتانی نیشـتیمانی ئه‌مریكایه‌ یاوه‌ری كراوه‌.

XS
SM
MD
LG