Accessibility links

یاسـادانه‌رانی ئه‌مریكی بڕی 644 ملیار دۆلار بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری په‌سه‌ند ده‌كه‌ن


ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كۆنگرێسی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا یاسایه‌كی بوجه‌ی په‌سه‌ندكرد كه‌ تیایدا بڕی 644 ملیار دۆلار له‌ سـاڵی 2008 دا وه‌كو بوجه‌ی به‌رگری دابین ده‌كات له‌ نێـویاندا به‌ ملیاره‌ها دۆلاریان بۆ هه‌ڵمه‌تی له‌شـكری ناو عێراق و ئه‌فغانسـتان ته‌رخان كردووه‌.

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ ئه‌ندامانی كۆنگرێس به‌ 397 ده‌نگ به‌رامبه‌ر به‌ 27 ده‌نگ ئه‌و یاسایه‌یان په‌سه‌ندكرد كه‌ تیایدا 142 ملیار دۆلار له‌ سه‌ره‌تای مانگی 10 ی داهاتووه‌وه‌ بۆ عێراق و ئه‌فغانسـتان ته‌رخان ده‌كات. به‌ڵام ئه‌ندامانی كۆنگرێس به‌رنووسێـكیان ڕه‌تكرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌رۆك بوش له‌ به‌كارهێنانی ئه‌و بوجه‌یه‌ بۆ هه‌ر پلانێـكی كرده‌وه‌ی له‌شـكری دژی ئێران له‌ ئاینده‌دا.

له‌ هه‌مان یاسادا هاتووه‌ كه‌ ئه‌ندامانی كۆنگرێس له‌ مانگی 9 ی داهاتوودا ڕاپـۆرتێـكیان گه‌ره‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی عێراق له‌لایه‌ن ژه‌نه‌ڕاڵی ئه‌مریكی ده‌یڤد پـێترایه‌س و باڵیۆزی ئه‌مریكی بۆ عێراق ڕایان كرۆكه‌ر.

سه‌رۆكی كۆمیته‌ی كاروباری له‌شـكری كۆنگرێس ئایك سكێـڵتن، كه‌ دیموكراته‌، ده‌ڵێت ڕاپـۆرته‌كه‌ یارمه‌تی ئه‌ندامانی كۆنگرێس ده‌دات بۆ هه‌ڵـسـه‌نگاندنی بارودۆخی عێراق و گواسـتنه‌وه‌ی به‌رپـرسـیارێتی ئاسایشی عێراق بۆ ئه‌سـتۆی عێراقیـیه‌كان خۆیان.

XS
SM
MD
LG