Accessibility links

كۆشـكی سـپی ده‌ڵێت به‌ زوترین كات سه‌رۆكی نوێی بانكی جیهانی ده‌ستنیشـان ده‌كات


پاش ده‌ست له‌كاركێشـانه‌وه‌ی پـۆڵ ۆڵفۆوتز وه‌كو سه‌رۆكی بانكی جیهانی، چه‌ند ناوێـك هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان لێ ده‌كرێت جێـگه‌ی ۆڵـفۆویتز بگرنه‌وه‌.

ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ ۆڵفۆوتز ده‌ستی له‌كاركێشـایه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی كۆمیته‌یه‌كی لـێـكۆڵینه‌وه‌ی ناوخۆی ئه‌و بانكه‌ گه‌یشـتنه‌ ئه‌نجامێـك كه‌ ناوبراو ڕێنمایی پـیشـه‌یی شـكاندووه‌ به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ و پایه‌ی هاوڕێـیه‌كی خۆی شـاها ڕزا كه‌ كارمه‌ندێـكی بانكی جیهانیـیه‌.

كۆشـكی سـپی ده‌ڵێت بڕیاره‌ سه‌رۆك بوش به‌ خێرایی كاندیدی خۆی بۆ ئه‌و پـۆسته‌ ده‌سـتنیشـان بكات.

به‌پـێی ڕاپـۆرته‌ هه‌واڵـیـیه‌كان چه‌ند كه‌سـێـك ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ شوێنی ۆڵفۆوتز بگرنه‌وه‌، له‌وانه‌ جێـگری پـێشووی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕۆبه‌رت زۆیڵـك و‌ جێـگری ئێسـتای وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مریكا ڕۆبه‌رت كممت و كاربه‌ده‌ستی بانكی ئیسرائیل ستانلی فیشه‌ر.

شـایانی ئاماژه‌یه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا خاوه‌نی زۆرترین سه‌هم و سه‌نه‌دی بانكی جیهانیـیه‌، وه‌ له‌وه‌تای دامه‌زارندنی ئه‌و بانكه‌ له‌ دوای شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م وه‌ك نه‌ریتێـك ئه‌مریكا سه‌رۆكی ئه‌و بانكه‌ ده‌ستنیشـان ده‌كات.

به‌ڵام سـكرتێری باڵای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ژاپـۆن، یاسووهیسا شیۆزاكی، ده‌ڵێت ئه‌و بانكه‌ ده‌بێت خۆی سه‌رۆكی داهاتووی ده‌سـتنیشـان بكات.

به‌رپـرسـێـكیش له‌ گروپی ئۆكسفام بۆ كۆمه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌ڵێت ده‌بێت ده‌سـتنیشـانكردنی سه‌رۆكی داهاتووی بانكی جیهانی له‌سه‌ر بنه‌مای توانا و لێـهاتوویی بێت، وه‌ نه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كام وڵاته‌.

XS
SM
MD
LG