باڵه‌خانه‌یه‌كی هێزه‌كانی ئاسایشی حه‌ماس له شـاری غه‌ززه به‌هۆێ هێرشێـكی ئاسـمانی ئیسرائیلیه‌وه وێران بوو، وه تیایدا یه‌ك فه‌له‌ستینی كوژرا و به‌لایه‌نی كه‌م 30 كه‌سی
دیكه‌ش بریندار بوون.
له‌شـكری ئیسرائیلی بۆردومانی ئه‌و باڵه‌خانه دوو نهۆمیـیه‌ی كرد پاش چه‌ندین ڕۆژ له هێرشی ڕۆكێتی حه‌ماس كه له غه‌ززه‌وه ده‌یكه‌نه سه‌ر ئیسرائیل.
دوابه‌دوای ئه‌م هێرشه ئاسـمانیـیه، باڵی چه‌كداری حه‌ماس، ده‌سـته‌ی عیزه‌دین ئه‌لقه‌سـام، هۆشـداریان دا به‌وه‌ی ڕه‌نگه هێرشی خۆكوژی سه‌رله‌نوێ له‌دژی ئیسرائیل ده‌ستپـێـبكه‌نه‌وه.
هاوكاتیش شه‌ڕی ناوخۆی نێوان حه‌ماس و فه‌تح له غه‌ززه به‌رده‌وامه، وه هه‌ر ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه یه‌كێـك كوژراوه، كه هه‌رچه‌نده دره‌نگ كاتێـكی ڕۆژی چوارشه‌ممه چوارهه‌مین ئاگربه‌ستیان ڕاگه‌یاند.
وا چاوه‌ڕوان ده‌كرا ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه سه‌رۆكی فه‌له‌سـتینی مه‌حمود عه‌باس سه‌ردانی غه‌ززه بكات و له‌وێ وتووێژ له‌گه‌ڵ ئیسماعیل هه‌نیـیه بكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م توندوتیژیانه به‌ڕێز عه‌باس سه‌ردانه‌كه‌ی دواخست.
شـایانی باسه له‌وه‌تای له ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه شه‌ڕی لایه‌نه فه‌له‌سـتینیـیه‌كان ده‌سـتیپـێـكردووه زیاتر له 30 كه‌س كوژراون، وه مه‌ترسی ئه‌وه‌شی لێـده‌كرێت كه بـبێته مایه‌ی هه‌ڵوه‌شـاندنه‌وه‌ی حكومه‌ته یه‌كگرتووه لاوازه‌كه‌ی حه‌ماس و فه‌تح.