Accessibility links

پـێـنج سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌ عێراق ده‌كوژرێن و سـیانی دیكه‌ش بێ سه‌روشوێن ده‌بن


سوپای وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ ئاكامی هێرشـێـك بۆ سه‌ر سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا له‌ باشوری به‌غدا پـێـنج سه‌ربازی ئه‌مریكی كوژران و سـیانی تریش بێ سه‌روشوێن.

گه‌ڕان و لـێـكۆڵیـنه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان كه‌وتۆته‌ گه‌ڕ به‌دوای ئه‌و سه‌ربازه‌ بزرانه‌دا پاش هێرشی به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ نزیك شـارۆچـكه‌ی مه‌حمودیـیه‌.

گوته‌بـێـژی سه‌ره‌كی له‌شـكری ئه‌مریكا ژه‌نه‌ڕاڵ ولیه‌م كاڵدوێـڵ ده‌ڵێت یه‌كه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی نزیك ئه‌و ناوچه‌یه‌ گوێـیان له‌ ته‌قینه‌وه‌ بووه‌ و پاشـان له‌ ڕێی فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان ئۆتۆمبیلی سووتاو به‌دی كراوه‌. ده‌شـڵێت ئه‌و هێزانه‌ی گه‌یشـتونه‌ته‌ سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ پـێـنج سه‌ربازی كوژراوی ئه‌مریكـیـیان دۆزیوه‌ته‌وه‌.

ژه‌نه‌ڕاڵ كاڵدوێـڵ ده‌شـڵێت وه‌رگێڕێـكی عێراقیش له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ سه‌ربازه‌دا بووه‌، به‌ڵام نه‌یگوت ئایا ئه‌و وه‌رگێڕه‌ كوژراوه‌ یان بێ سه‌روشوێنه‌.

له‌ ڕووداوێـكی تردا، سوپای ئه‌مریكا ده‌ڵێت ڕۆژی شه‌ممه‌ هێزی هاوپه‌یمانان له‌ هه‌ڵـمه‌تێـكدا بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كی ئه‌لسه‌در سێ تێرۆریستی گومان لێـكراویان ده‌سـتگیركردووه‌ و ئۆتۆمبیلێـكی بۆمبڕێژكراویشـیان تێـكشـكاندووه‌.

ڕۆژی هه‌ینیش فه‌رمانده‌یه‌كی له‌شـكری ئه‌مریكا، كه‌ هێزه‌كانی له‌ ناوچه‌یه‌كی نزیـك به‌غدای پایته‌خت له‌ شه‌ردان له‌ دژی یاخیبووان، گوتی توندوتیژی له‌و ناوچه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ زیادی كردووه‌ به‌جۆرێـك ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی ناتوانن ئاسایش له‌و شوێنه‌دا به‌رقه‌راربكه‌ن.

ژه‌نه‌ڕاڵ بنیامین مكسن كه‌ فه‌رمانده‌یه‌تی چه‌ند هه‌زار سه‌ربازێـكی ئه‌مریكی ده‌كات له‌ بارێزگای دیاله‌ی ده‌ره‌وه‌ی پایته‌خت و هاوسنوور له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌ڵێت له‌ ژێر فشـاری هێزه‌كانی ئه‌مریكا و عێراق یاخیبووانی به‌غدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ وه‌كو دیاله‌ و شوێنه‌كانی تری عێراق.

XS
SM
MD
LG