Accessibility links

سه‌رۆكی سوریا هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ دادگای په‌یوه‌ست به‌ كوشـتنه‌كه‌ی حه‌ریری ڕه‌تده‌كاته‌وه‌


سه‌رۆكی سوریا به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌د ده‌ڵێت وڵاته‌كه‌ی هاوكاری له‌گه‌ڵ دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی په‌یوه‌ست به‌ دادگایـیكردنی گومان لـێـكراوان به‌ تۆمه‌تی كوشـتنه‌كه‌ی ڕه‌فیق ئه‌لحه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیری پـێشـووی لوبنان سـاڵی 2005 ناكات ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ له‌ سه‌روه‌ری سوریا كه‌م بكاته‌وه‌.

له‌ گوته‌كه‌ی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌یدا بۆ په‌رله‌مانی سوریا سه‌رۆك به‌شـار ئه‌لئه‌سـه‌د گوتی دادگای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ لوبنانه‌وه‌ هه‌یه‌ و سوریا ڕاسـته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌و كاره‌وه‌ نیـیه‌، گوتیشی سوریا هه‌موو داواكاریـیه‌كی هاوكاری له‌گه‌ڵ دادگای ناوبراودا ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو داواكاریـیه‌كه‌ زیانی بۆ سه‌روه‌ری نیشـتیمانی هه‌بێت. له‌ درێژه‌ی گوته‌كه‌یدا سه‌رۆكی سوریا گوتیشی سوریا له‌گه‌ڵ كۆمسـیۆنی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ لـێـكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر كوشـتنی ڕه‌فیق ئه‌لحه‌ریری هاوكاری كردووه‌ و ئاماده‌یه‌ هاوكاری زیاتریش له‌و باره‌یه‌وه‌ بكات ئه‌گه‌ر هاتوو ڕێز له‌ سه‌ربه‌خۆیی سوریا بگیرێت.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ كۆمسـیۆنی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رپـرس له‌ لـێـكۆڵـینه‌وه‌ی كوشتنی ڕه‌فیق ئه‌لحه‌ریری ده‌ڵێت به‌رپـرسـانی سوریا ده‌سـتیان له‌ كوشـتنه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری پـێـشووی لوبنان ڕه‌فیق ئه‌لحه‌ریری هه‌بووه‌. ئه‌و تۆمه‌ته‌ی سوریا نكۆڵی لێ ده‌كات.

XS
SM
MD
LG