Accessibility links

عه‌بدوڵـڵا گول ده‌ڵێت پارته‌كه‌ی هیچ كارنامه‌یه‌كی ئیسلامی بۆ توركیا نیـیه‌


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا عه‌بدوڵـڵا گول گوتی ئه‌و قسـانه‌ی كه‌ ده‌كرێن گوایه‌، پارتی داد و په‌ره‌پـێـدانی ده‌سه‌ڵاتدار كارنامه‌یه‌كی نهێنی ئیسلامی داڕشـتووه‌، له‌جێی خۆیدا نیـیه‌.

عه‌بدوڵـڵا گول به‌ به‌شی توركی ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند كه‌وا حكومه‌ت پابه‌نده‌ به‌وه‌ی چاكسـازی پـێویست بكات گه‌ر پـێویست بێت بۆ چوونه‌ پاڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا. هه‌نوكه‌ سـزای مه‌رگی نه‌هێشـتووه‌ و ئۆتۆنۆمی زیاتری به‌ كه‌مایه‌تیـیه‌ كورده‌كان داوه‌ و هه‌روه‌ها مافی زیاتریشی به‌ ژنان به‌خشیوه‌.

گول گوتی بۆچی توركیا زۆر هه‌وڵ ده‌دات بـبێته‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌یه‌كی توندی ئیسلامی بۆ خه‌ڵـكه‌كه‌ی داڕشتبێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا به‌وه‌ی پارتی داد و په‌ره‌پـێـدان زیاتر له‌ چوار سـاڵه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌وانن، به‌ڵام هیچ كارێـكیان نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیسلام به‌سه‌ر خه‌ڵـكی توركیادا بسه‌پـێنن.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌ عه‌بدوڵـڵا گول وه‌ك تاكه‌ كاندید بۆ پـۆسـتی سه‌رۆكایه‌تی توركیا خۆی كشـانده‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا دوو جار له‌ هه‌ڵـبژاردنی شـكستی هێنا. ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه‌ جێی سه‌رۆكی ئێسـتای توركیا ئه‌حمه‌د نه‌جده‌ت سێزه‌ری ده‌گرته‌وه‌.

پارتی سه‌ره‌كی ئۆپـۆزیسـیۆن به‌شـداری له‌ هه‌ردوو پـرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌ی ناو په‌رله‌مان نه‌كرد، چونكه‌ ده‌ترسێ پارتی داد و په‌ره‌پـێدان هه‌وڵی گۆڕنی ده‌ستوری سیكیولاری توركیا بدات.

XS
SM
MD
LG