Accessibility links

سه‌رۆك بوش پـیرۆزبایی له‌ نیكۆلاس ساركۆزی ده‌كات


سه‌رۆك بوش به‌ ته‌له‌فون پـیرۆزبایی له‌ نیكۆلاس ساركۆزی كرد به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیـیه‌كه‌ی فه‌ره‌نسـا.

گوته‌بێـژی كۆشـكی سـپی فه‌ره‌نسـا و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای به‌ هاوڕێ و هاوپه‌یمانێـكی مێژوویی ناوزه‌ندكرد. گوتیشی سه‌رۆك بوش ده‌ڕوانێـته‌ ئه‌وه‌ی وه‌ك هاوپه‌یمانێـكی به‌هێز له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نیكۆلاس ساركۆزیدا كار بكات.

هه‌روه‌ها گوته‌بێـژی سه‌رۆك وه‌زیری به‌ریتانیا تۆنی بلێر گوتی به‌ڕێز بلێر به‌ ته‌له‌فون پـیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی فه‌ره‌نسـا كرد.

سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا خۆزێ مانول بارۆسۆ گوتی ئه‌و متمانه‌ی ته‌واوی به‌ به‌ڕێز ساركۆزی هه‌یه‌.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ نیكۆلاس ساركۆزی وه‌زیری ناوخۆ بوو له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی ژاك شیراك، وه‌ به‌ توندی پـشـتیوانی له‌ ده‌ستوری نوێی ئه‌وروپا ده‌كرد، ئه‌و ده‌ستوره‌ی كه‌ له‌ ڕاپـرسیـیه‌ گشتیـیه‌كانی سـاڵی 2005 دا له‌ لایه‌ن فه‌ره‌نسـیـیه‌كانه‌وه‌ ڕه‌تكرایه‌وه‌.

ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا، ئه‌نگێلا مێركـڵ، ده‌ڵێت گرنگه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسـا كه‌ درێژه‌ به‌ هاوكاری نزیكی خۆیان بده‌ن وه‌ك بناغه‌یه‌ك بۆ ئاشتی و ئاسایش له‌ ئه‌وروپادا.

XS
SM
MD
LG