Accessibility links

دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر دارفور یه‌كه‌م فه‌رمانی ده‌سـتگیركردن ده‌رده‌كات


دادگای تاوانی نێونه‌ته‌وه‌یی ICC فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی وه‌زیرێـكی حكومه‌تی سودانی و هه‌روه‌ها ڕێبه‌ری میلیشـیایه‌كی ده‌ركرد به‌ تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ له‌ هه‌رێمی دارفوری سوداندا.

ده‌ستبه‌جێ حكومه‌تی سودان ئه‌و فه‌رمانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌، وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌وا ئه‌و دان به‌و دادگایه‌دا نانێت.

دادگای تاوانی نێونه‌ته‌وه‌یی فه‌رمانی ده‌سـتگیركردنی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د هارونی وه‌زیری كاروباری مرۆیی، كه‌ پـێشـتر وه‌زیری به‌رپـرسی دارفور بووه‌، وه‌ هه‌روه‌ها عه‌لی كوشیبی ڕێبه‌ری چه‌كداره‌كانی جه‌نجه‌ویدی داوه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی 51 تاوانی جه‌نگ و دژی مرۆڤایه‌تی، وه‌كو كوشتن و ئه‌شگه‌نجه‌دان و ده‌سـتدرێژیكردنه‌ سه‌ر نامووس.

داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێونه‌ته‌وه‌یی، لویس مۆرێنۆ ئۆكامپـۆ، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ به‌یانـنامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند كه‌وا حكومه‌تی سودان ئه‌ركی یاسایی جێبه‌جێـكردن و ڕێزگرتنی بڕیاره‌كانی ئه‌و دادگایه‌ی له‌سه‌ره‌ و ده‌بێت ئه‌و دوو كه‌سه‌ ده‌سـتگیر بكات.

سودانیش ده‌ڵێت ئه‌و هه‌رگیز ڕێـكـكه‌وتنـنامه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و دادگایه‌ی مۆر نه‌كردووه‌ تا ده‌سه‌ڵاتی دادگایـیكردنی هه‌بێت له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی كه‌ پـێی ده‌ڵێن تاوانه‌كانی دارفور.

XS
SM
MD
LG