Accessibility links

پانزده‌هه‌مین سـاڵڕۆژی دامه‌زراندنی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا


ئه‌م گوتاره‌ دیدوبۆچوونی واشـنتۆنه‌:

ئه‌مڕۆ بیسـت‌وپـێنجی مانگی چوار، یادی پانزده‌هه‌مین سـاڵڕۆژی دامه‌زراندنی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكایه‌. هه‌موو ڕۆژێـك ده‌نگی ئه‌مریكا به‌رنامه‌كانی بۆ بیسه‌رانی كوردزمان له‌ عێراق، ئێران، توركیا، سوریا و به‌شه‌كانی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌رێمی قه‌وقاز بڵاوده‌كاته‌وه‌.

به‌شی كوردی به‌ دوو زاراوه‌ی سه‌ره‌كی كرمانجی و سۆرانی بڵاوده‌كاته‌وه‌. به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا هه‌واڵ و زانیاری بڵاوده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر هاتنه‌ كایه‌وه‌كان و ڕووداوه‌كانی كه‌وا كارده‌كه‌نه‌ سه‌ر گه‌لی كورد له‌ هه‌موو شـوێنێـك. به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فـتانه‌ی هه‌یه‌ به‌ ناوی هه‌له‌و واشـنتۆن كه‌ له‌ میانه‌یدا گوێـگران ده‌توانن ته‌له‌فون بكه‌ن و پـرسـیار له‌ پـسـپـۆر و شـاره‌زایان له‌ هه‌موو بوارێـكدا بكه‌ن له‌ پاراسـتنی ژینگه‌ و ده‌وروبه‌ره‌وه‌ تا ده‌گاته‌ مافه‌ كه‌لتوریـیه‌كان و مه‌سه‌له‌ دیموكراتیـیه‌كان بۆ كورده‌كان. به‌رنامه‌كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ته‌له‌فونی بۆ دێت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌شه‌كانی دیكه‌ی جیهانه‌وه‌. هه‌ندێ له‌ به‌رنامه‌كان و بابه‌ته‌كانی دیكه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی به‌شی كوردی دانراون.

خه‌ڵـكی كوردی عێراق ئێسـتا له‌ نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ به‌ زمانی كوردی ئازادن. به‌ڵام له‌ سوریا وانیـیه‌، له‌وێ بڵاوكردنه‌وه‌ به‌ زمانی كوردی ڕێـگای پـێنادرێت و به‌كارهێنانی بابه‌ته‌كانی كه‌ به‌ كوردی نووسراون قه‌ده‌غه‌كراون. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ دواترین ڕاپـۆرتی له‌سه‌ر مافی مرۆڤ ده‌ڵێت له‌ سـاڵی 2006 له‌ توركیا كورده‌كانی كه‌وا به‌ ئاشـكرا هانی به‌كارهێنانی كوردی ده‌ده‌ن له‌ شوێنی گشتیـدا دووچاری مه‌ترسی سانسۆر و ناڕه‌حه‌تكردن و یاخود دادگایـیـكردن ده‌بنه‌وه‌. له‌ ئێران حكومه‌ت هه‌وڵی به‌به‌ندكردنی بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان و ڕاگه‌یاندنه‌كانی به‌ زمانی كوردی ده‌دات.

گوێـگرێـك له‌ كوردسـتانی ئێرانه‌وه‌ به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای گوت " ئێوه‌ نازانن كه‌ چۆن حكومه‌ت هه‌ر زانیاریـیه‌ك سه‌ركوت ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ مه‌سه‌له‌كانی ڕۆژانه‌مانه‌وه‌ هه‌بێت. هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ماڵپه‌ڕێـكی ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌نگی ئه‌مریكامان پـێده‌گات، به‌ڵام ته‌نیا به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه‌ پاك ده‌كرێته‌وه‌ و یاخود ده‌سڕێته‌وه‌."

عه‌باس مه‌نده‌لاوی كه‌ ڕۆژنامه‌وانێـكه‌ له‌ شـاری سـلێمانی ده‌ڵێت بڵاوكردنه‌وه‌كانی ده‌نگی ئه‌مریكا گرنگن، وه‌ ده‌ڵێت " ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سوپاسی VOA ده‌كه‌ین كه‌ به‌شـێـكی به‌ زمانی كوردی كرده‌وه‌، ‌ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ك بوو كه‌ وڵاتێـكی گه‌وره‌ وه‌كو ئه‌مریكا خه‌مخۆری ئه‌م گه‌له‌ سـته‌مدیده‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ پـشـتـگوێ خرابوو و له‌ بیر چووبوه‌وه‌، هه‌رچی كاره‌ساتی به‌سه‌ر هات كه‌س باسی نه‌ده‌كرد، كه‌ پـێش پانزده‌ سـاڵ ئه‌و به‌شه‌ كرایه‌وه‌ به‌ ڕاسـتی هیوایه‌كی گه‌وره‌ی دا به‌ گه‌لی كورد كه‌ له‌بیر نه‌چۆته‌وه‌، وه‌ گه‌لانی تریش هه‌یه‌ كه‌وا پـشتیوانی لێده‌كه‌ن."

به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌نگی ئه‌مریكا دانفۆرث ئۆستن ده‌ڵێت" بۆ پانزده‌ سـاڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا خۆی له‌گه‌ڵ ده‌نگ‌وباسی ڕاست و باوه‌ڕپـێـكراو و به‌رنامه‌ كه‌لتوریـیه‌كان ڕاهێناوه‌ كه‌وا بیسه‌رانی كوردزمان له‌ عێراق و وڵاتانی تر به‌ گرنگی داده‌نێن له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یاندا."

XS
SM
MD
LG