Accessibility links

له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌كانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی عێراق 45 كه‌س ده‌كوژرێن


ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی ده‌ڵێن به‌هۆی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی كه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌سه‌رانسه‌ری وڵاته‌كه‌دا ڕویداوه‌ به‌لایه‌نی كه‌م 45 كه‌س كوژران و زیاتر له‌ 75 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

له‌ خوێناویترین هێرشـدا، پـۆلیس ده‌ڵێت به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێـك بووه‌ له‌ نزیك خواردنگه‌یه‌ك له‌ شـاری ڕومادی له‌ خۆرئاوای عێراق كه‌ به‌لایه‌نی كه‌م تیایدا 19 كه‌س كوژراون.

پـێشـتریش به‌رپـرسـان ڕایانگه‌یاند كه‌وا له‌ نزیـك شـاری موسـڵ له‌ باكوری عێراق خۆكوژێـك ئۆتۆمبیله‌ بۆمبڕێژكراوه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م باره‌گایه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌قاندۆته‌وه‌، وه‌ له‌ ئاكامدا 10 كه‌س كوژران و 23 كه‌سی تریش برینداربوون.

له‌ ناوه‌ڕاستی عێراقیش پـۆلیس ده‌ڵێت خۆكوژێـك به‌ ئۆتۆمبیلێـكی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ خۆی به‌ بنكه‌یه‌كی پـۆلیس له‌ شـاری باقوبه‌دا كێشـاوه‌، به‌لایه‌نی كه‌م 10 كه‌سی كوشـتووه‌ و 23 كه‌سی تریشی برینداركردووه‌.

هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن خۆكوژێـك خۆی له‌ ناو خواردنگه‌یه‌ك له‌ ناوه‌ندی به‌غدا ته‌قاندۆته‌وه‌، 2 كه‌سی كوشـتووه‌ و 10 ی دیكه‌شی برینداركردووه‌.

له‌ پـێشـهاته‌یه‌كی تردا، سه‌ربازێـكی به‌ریتانی كوژراوه‌ له‌و ده‌مه‌ی هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر ماشـێنه‌كه‌یان له‌ شـاری به‌سره‌، وه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێـكیش له‌ شـاری مقدادیـیه‌ سه‌ربازێـكی ئه‌مریكی كوژراوه‌.

هاوكات هه‌ر ڕۆژی دووشه‌ممه‌ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق ڕایان كرۆكه‌ر له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی له‌شـكری ئه‌مریكی ڕێز له‌و خواسـته‌ی سه‌رۆك وه‌زیر نوری ئه‌لمالكی ده‌گرێت، كه‌ داوای ‌ڕاگرتنی دروسـتكردنی شورایه‌ك له‌ ده‌وروبه‌ری گه‌ڕه‌كێـكی به‌غدای كردووه.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ به‌ڕێز مالكی له‌ قاهیره‌ به‌ په‌یامنێرانی گوت كه‌وا ڕێـگه‌ی تر هه‌یه‌ بۆ پاراسـتنی گه‌ڕه‌كی ئه‌لئه‌عزه‌میـیه‌ی شـاری به‌غدا، هه‌روه‌ها جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌وا تاڕاده‌یه‌كی زۆر توندوتیژی تایفی له‌ عێراقدا كۆنتڕۆڵ كراوه‌.

XS
SM
MD
LG