Accessibility links

كۆمه‌ڵـێـك چه‌كدار 23 كوردی ئێزدی له‌ موسـڵ ده‌كوژن


پـۆلیسی عێراقی ده‌ڵێت دوا نیوه‌ڕۆی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ كۆمه‌ڵـێـك چه‌كدار پاسـێـكیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شـاری موسـڵ ڕاگرتووه‌ و هه‌موو كورده‌ ئێزدیـیه‌كانی ناویان داگرتووه‌ و له‌ په‌نا ڕێـگاكه‌دا ته‌قه‌یان لێـكردوون و 23 كه‌سـیان لێ كوشـتوون.

پـێشتر پـۆلیسی عێراقی ڕایگه‌یان كه‌وا دوو خۆكوژ ئۆتۆمبیله‌ بۆمبڕێژكراوه‌كانیان له‌ نزیـك بنكه‌یه‌كی پـۆلیس ته‌قاندۆته‌وه‌ و له‌ ئاكامدا به‌لایه‌نی كه‌م 12 كوژراون و 75 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

هێرشه‌كه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ناوچه‌ی به‌یاعی زۆرینه‌ شـیعه‌ ڕویداوه‌، وه‌ له‌نێو قوربانیـیه‌كاندا پـۆلیس و هاوڵاتی سـڤیلی تێدایه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ به‌سـره‌ی باشوری عێراق سه‌ربازانی به‌ریتانی پـیاوێـكیان كوشـتووه‌ له‌و ده‌مه‌ی كه‌ هێرشـیان كردۆته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی.

له‌ ڕۆژئاوای عێراقیش و دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌ كوشـتنی سه‌رۆكی شـاره‌وانی فه‌لوجه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ش چه‌ند چه‌كدارێـك سه‌رۆكی نوێی شـاره‌وانی ئه‌و شـارۆچكه‌یه‌یان كوشـت.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ هه‌ردووكیان به‌ ئاشـكرا ڕه‌خنه‌یان له‌ گروپـی ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراق ده‌گرت.

هاوكات ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤد پاتریه‌س، گه‌وره‌ فه‌رمانده‌ی له‌شـكری ئه‌مریكی له‌ عێراق به‌ ڕۆژنامه‌ی واشـنتۆن پـۆستی گوتووه‌ كه‌وا له‌وه‌تای له‌ مانگی دووه‌وه‌ ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكایی و عێراقی زیادكراوه‌ ڕه‌وشی ئاسایش له‌ به‌غدا و پارێزگای ئه‌نبار باشـتر بووه‌، به‌ڵام له‌ ناوچه‌كانی تر زۆر زیادی كردووه‌.

ڕۆژی شه‌ممه‌ و له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری ئوسترالیا برانده‌ن نێـڵسن سه‌رۆك وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالكی گوتی هه‌رچه‌نده‌ پلانی ئاسایشی ڕووبه‌ڕووی گیروگرفت ده‌بێت به‌ڵام به‌ ئاڕاسـته‌یه‌كی دروستدا ده‌ڕوات.

XS
SM
MD
LG