Accessibility links

كێشمه‌كێشی نێوان كۆنگرێس و سه‌رۆك بوش


ئه‌نجامی هه‌ڵـبژاردنه‌كانی مانگی یانزه‌ی سـاڵی ڕابردووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌روه‌ها به‌شـێـكی ئه‌نجومه‌نی سـێنات ته‌رازووی هێزه‌كانی له‌ هه‌ردوو خانه‌ی كۆنگرێسـدا گۆڕی. به‌وه‌ش بوار له‌به‌رده‌م دیموكراته‌كاندا كرایه‌وه‌ كه‌ ڕێـگه‌ له‌ سـیاسه‌ته‌كانی سه‌رۆك بوش بگرن.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای بانگه‌شه‌ی هه‌ڵـبژاردنه‌كانه‌وه‌ دیموكراته‌كان به‌ڵـێنی ئه‌وه‌یان به‌ ئه‌مریكایـیه‌كان دا كه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌وان هه‌ڵـبژاردنه‌كان بـبنه‌وه‌ ئه‌وا له‌ كۆنگرێسدا گوشـار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رۆك بوش بۆ كشـانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌ عێراق.

هه‌رچه‌نده‌ تێڕوانینی جیاجیا سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ نێو دیموكراته‌كانـدا هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێـكیان داوای كشـانه‌وه‌ی ته‌واو و ده‌ستبه‌جێی‌ هێزه‌كانیان له‌ عێراق ده‌كه‌ن، وه‌ هه‌ندێـكیشـیان ده‌ڵێن نه‌خێر پـێویسـه‌ ڕه‌چاوی بارودۆخه‌كه‌ی ناو عێراق بكرێت و كشـانه‌وه‌كه‌ با قۆناغ به‌ قۆناغ ببێت، به‌ڵام دوا جار زۆربه‌ی دیموكراته‌كان له‌سه‌ر پـێویسـتی دانانی خشـته‌یه‌كی كاتی بۆ كشـانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌یان له‌ عێراق ڕێـكـكه‌وتن، وه‌ ده‌ڵێن به‌بێ ئه‌و خشته‌یه‌ گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی خه‌رجیـیه‌كانی له‌شـكر له‌ عێراق و ئه‌فغانسـتاندا په‌سه‌ند ناكه‌ن. له‌ به‌رامبه‌ریشـدا سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت هه‌ر گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كی په‌سه‌ندكراوی به‌و مه‌رجه‌ بێته‌ به‌رده‌ست ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ و له‌ دژی ڤیتۆ به‌كارده‌هێنێت.

له‌م كێشمه‌كێشی نێوان كۆنگرێس و سه‌رۆك بوشدا، له‌شـكر چاوه‌ڕێی چاره‌نوسی كۆمه‌كه‌ دارایـی‌یه‌كه‌ی ده‌كات، وه‌ پـێویسـته‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ زوترین كات یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.
پـرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كام له‌و دوو ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ كۆتایـیدا كۆڵ ده‌دات؟

بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هاوكارمان ده‌خیلی شه‌ممۆ له‌ میانه‌ی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشـنتـۆنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا میوانداری قوباد تاڵه‌بانی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشـنتۆن كردووه‌.
ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی به‌رنامه‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیككردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌. ماوه‌ی به‌رنامه‌كه‌ 45 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG