Accessibility links

به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌ و سـوونامی له‌ دورگه‌كانی سڵێمان 12 كه‌س ده‌مرن


كاربه‌ده‌سـتان له‌ دورگه‌كانی سـڵێمان ده‌ڵێن به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز و پاشـان سـوونامیـیه‌ك كه‌ به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ ڕوویداوه‌ 12 كه‌س مردوون.

بوومه‌له‌رزه‌كه‌ كه‌ به‌ توندی 8 پله‌ به‌ پـێوه‌ری ڕێخته‌ر بووه‌ له‌ كاتژمێری 7:40 ی سه‌ر له‌ به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ به‌ كاتی خۆجێـیی دورگه‌كانی سـڵێمان ڕوویداوه‌ و چه‌قی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ش له‌ دووری 350 كیلۆمه‌تر و به‌ قوڵایی 10 كیلۆمه‌تر له‌ باكوری ڕۆژئاوای هۆنیارای پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌دا بووه‌.

گه‌واهیده‌ران ده‌ڵێن به‌رزایی شه‌پـۆله‌كانی ئاوی ئۆقیانووسه‌كه‌ گه‌یشـتۆته‌ 5 مه‌تر و له‌ دورگه‌كانی گیزۆ و چۆیسێولی داوه‌، وه‌ ئه‌و باڵـه‌خانانه‌شی وێران كردووه‌ كه‌ به‌رگه‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌یان گرتبوو.

به‌پـێی هه‌ندێـك له‌ ڕاپـۆرته‌كان به‌ ته‌واوه‌تی گونده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئاو بردوونی. كاربه‌ده‌سـتانیش پـێشـبینی ده‌كه‌ن دوای په‌یوه‌ندیـكردنیان به‌و ناوچانه‌ی زیانیان پـێـگه‌یشـتووه‌ ژماره‌ی قوربانیـیه‌كان به‌رز بـبێـته‌وه‌.

ئه‌لێـكس لۆكۆپـیۆی فه‌رمانداری هه‌رێمی ڕۆژئاوا ده‌ڵێت نزیكه‌ی 3 هه‌زار كه‌س له‌ گیزۆ به‌ره‌و به‌رزایـیه‌كانی ڕایانكردووه‌، وه‌ پـێویسـتیـیان به‌ داو و ده‌رمان و خوراك هه‌یه‌.

XS
SM
MD
LG