Accessibility links

به‌ریتانیا وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی ئێران ده‌داته‌وه‌


به‌ریتانیا وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه‌ی ئێرانی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و 15 ده‌ریاوان و سه‌ربازه‌ی هێزی ده‌ریایی وڵاته‌كه‌یه‌تی كه‌ له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ ده‌سـتگیركراون.

ڕۆژی شه‌ممه‌ كاربه‌ده‌سـتان له‌ له‌نده‌ن گوتیان وه‌ڵامی ئه‌و په‌یامه‌ فه‌رمیـیه‌ دراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ ئێران بۆ به‌ریتانیای ناردبوو. كاربه‌ده‌سـتان ناوه‌ڕۆكی ئه‌و نامه‌یه‌‌یان ئاشـكرا نه‌كرد كه‌ باوه‌ڕ ده‌كرێت یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی نووسراوبێت له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات له‌وه‌تای له‌ 23 ی مانگی سێدا ئه‌م قه‌یرانه‌ ده‌سـتیپـێـكردووه‌.

باڵیۆزی ئێران له‌ ڕوسیا ده‌ڵێت حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌سـتی به‌ لێـكۆڵینه‌وه‌یه‌كی یاسایی كردووه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ریاوانانه‌ی به‌ریتانیا ئاوی ئێرانیان به‌زاندووه‌. باڵیۆز غوڵام ڕزا ئه‌نسـاری به‌ ته‌له‌فیزیۆنی ڕوسیای گوت ئه‌گه‌ر ئه‌و 15 به‌ریتانیـیه‌ تاوانبار بن ڕه‌نگه‌ سـزا بدرێن.

هه‌ر ڕۆژی شه‌ممه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا مارگرێت به‌كێت له‌ ئێرانی خواست قه‌یرانه‌كه‌ به‌ شـێوه‌یه‌كی ئاشـتیـیانه‌ چاره‌سه‌ر بكات.

خانم مارگرێت به‌كێت له‌ میانه‌ی كۆنگره‌ی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ ئه‌ڵمانیا گوتی له‌نده‌ن به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ده‌ربڕینی خواستی خۆی بۆ وتووێـژكردن له‌گه‌ڵ ئێراندا. به‌ریتانیا ده‌ڵێت ده‌ریاوانه‌كانی له‌ ناو سـنووری ئاوی عێراقیدا بوون له‌و ده‌مه‌ی پاسـداره‌كانی ئێران ده‌سـتگیری كردوون.

XS
SM
MD
LG