ڕۆژی هه‌ینی و له ناوچه‌یه‌كی به‌غدای پایته‌ختدا سه‌لام ئه‌لزه‌وبه‌عی كه یه‌كێـكه
له جێـگره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیری عێراق به هۆی دوو ته‌قینه‌وه بریندار بووه. كاربه‌ده‌سـتانی عێراقی ده‌ڵێن ناوبراو نه‌شـته‌رگه‌ری بۆ كراوه و ئێسـتا له بارودۆخێـكی جێـگیردایه.
په‌یامنێرای به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مریكا له شـاری هه‌ولێر، مارگرێت به‌شیر ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه ئاماده كردووه و هاوكارمان به‌ڵێن سـاڵح وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی.
سه‌لام ئه‌لزه‌وبه‌عی جێـگری سه‌رۆك وه‌زیری عێراق نه‌شـته‌رگه‌ریـیه‌كی بۆ كراوه بۆ هێنانه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پارچه ئاسـنینانه‌ی له له‌شیدا بوون پاش ته‌قینه‌وه‌كه‌ی له شوێنی نشته‌جێبوونه‌كه‌یدا له به‌غدا ڕوویدا. ته‌قینه‌وه‌كه له خانوویه‌كدا بوو كه تایبه‌ت بووه بۆ نوێژكردن له ناو باخچه‌ی ئه‌و شوێنه‌ی لێی داده‌نیشێت له به‌غدا، كه ده‌شـكه‌وێته پـشت وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له نزیك ناوچه‌ی گرین زۆنه‌وه.
له گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌فیزیۆنی ئه‌لعێراقیـیه‌دا ژه‌نه‌ڕاڵ قاسم ئه‌لموسه‌وی ده‌مڕاستی له‌شـكری عێراق گوتوویه‌تی ته‌قینه‌وه‌كه كاتژمێر 12:30 ی نیوه‌ڕۆ به كاتی به‌غدا ڕوویداوه.
قاسم ئه‌لموسه‌وی ده‌ڵێت زه‌وبه‌عی و ژماره‌یه‌ك له پاسه‌وانه‌كانی نوێژیان ده‌كرد له خانووه‌كه‌دا كاتێـك یه‌كێـك له پاسه‌وانه‌كانی ئه‌و پـشتێنه‌ی تی‌ئێن‌تی‌یه‌ی له خۆی به‌سـتبوو ته‌قاندیـیه‌وه. ئه‌لموسه‌وی ده‌ڵێت ژماره‌یه‌ك خه‌ڵـكیش بریندار بوون و كوژراویش هه‌ن. برینداره‌كان هه‌موویان براونه‌ته نه‌خۆشـخانه‌ی ئبن سینا كه له لایه‌ن له‌شـكری ئه‌مریكاوه به‌ڕێوه ده‌برێت له ناوچه‌ی گرین زۆندا.
له‌م ڕووداوه‌دا كوژرانی یه‌كێـك له ڕاوێژكه‌ره‌كانی زه‌وبه‌عی پشتڕاست كراوه‌ته‌وه.
ژه‌نه‌ڕاڵ موسه‌وی ده‌ڵێت هه‌ر دوا به دوای خۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی پاسه‌وانه‌كه‌ی زه‌وبه‌عی ته‌قینه‌وه‌ی دووهه‌میش ڕوویدا له ناو شـوێنێـكی ڕاگرتنی ماشـێندا له شوێنی نیشـته‌جێبوونه‌كه‌ی جێـگری سه‌رۆك وه‌زیری عێراق.
موسه‌وی ده‌ڵێت لێـكۆڵینه‌وه له ئارادایه بۆ دیاركردنی ئه‌وه‌ی چۆن ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیـیانه براونه‌ته ئه‌وێ.
ئه‌م جێـگره عه‌ره‌به سوننه‌یه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری عێراق ئه‌ندامێـكی ناوداری پارتی ئیسلامی عێراقه.
كۆشـكی سـپی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی كردووه و به كارێـكی نابه‌جێ ناساندویه‌تی به ده‌ستی ئه‌وانه‌ی هه‌رچیـیه‌كیان له ده‌ست بێت ده‌یكه‌ن وه‌ك هه‌وڵدان بۆ تێـكدانی ڕه‌وشی عێراق.
هه‌ر له به‌غدا و ئه‌مڕۆ له ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا ماشـێنێـكی تریش ته‌قیوه‌ته‌وه و ژماره‌یه‌ك خه‌ڵـك كوژروان و هه‌روه‌هاش له‌شـكری وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندووه ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه 2 سه‌ربازی ئه‌مریكی یه‌كێـكیان له به‌غدا و ئه‌وی دیشـیان له پارێزگای ئه‌لئه‌نباری ڕۆژئاوای عێراق كوژراون.