Accessibility links

به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ ناو كانه‌ خه‌ڵوزێـكدا له‌ ڕوسیا به‌لایه‌نی كه‌م 106 كه‌س ده‌كوژرێن


ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕوسیا ده‌ڵێن ده‌سته‌ و تاقمه‌ فریاگوزاریـیه‌كان له‌ سیبریا ته‌رمی زیاتریان ده‌رهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی گازی میثانه‌وه‌ له‌ ناو یه‌كێـك له‌ كانه‌كانی خه‌ڵوزدا مردوون.

له‌م ڕووداوه‌دا به‌ لایه‌نی كه‌م 106 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن به‌لایه‌نی كه‌م 203 كه‌س له‌ ناو ئه‌و كانه‌ی ئولیانۆڤسكایادا بوون، وه‌ ته‌نها 93 كه‌سیان لێ ڕزگار كراون.

چوارده‌ ده‌سته‌ و تاقمی تایبه‌تمه‌ندی فریاگوزاری ڕۆژی سـێشه‌ممه‌ به‌رده‌وامن له‌ گه‌ڕان و پـشـكنینه‌كانیان بۆ چوار كه‌سی تر كه‌ بێسه‌روشوێنن.

ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ بووه‌ مایه‌ی كوژرانی ته‌واوی به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمپانیاكه‌ ته‌نها یه‌كێـكیان نه‌بێت.

ته‌قینه‌وه‌كه‌ش له‌ ده‌مێـكدا بووه‌ تاقیكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر سـیسـتمێـكی نوێی پاراسـتن ده‌كرا كه‌ كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی داینابوو.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌كه‌ش سێ ڕۆژ ماته‌مینیان ڕاگه‌یاند.

XS
SM
MD
LG