Accessibility links

محه‌مه‌د ئه‌لبه‌رادعی ده‌گاته‌ كۆریای باكور


سه‌رۆكی ده‌زگای نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی له‌ كۆریای باكوره‌ بۆ وتووێـژكردن سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی به‌شـداریكردن و یارمه‌تیدانی پـیۆنگـیانگ بۆ كۆتایی هێنان به‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی.

محه‌مه‌د ئه‌لبه‌رداعی ڕۆژی سـێشه‌ممه‌ له‌ په‌كینه‌وه‌ چوو به‌ره‌و كۆریای باكور و سه‌ردانه‌كه‌شی دوو ڕۆژ ده‌خایه‌نێت.

ئه‌لبه‌رادعی ده‌ڵێت هه‌وڵ ده‌دات ڕێـگه‌ خۆش بكات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پـشـكنه‌رانی ده‌زگای نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی بۆ كۆریای باكور. چوار سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر پـیۆنگیانگ پـشـكنه‌رانی ئه‌م ده‌زگایه‌ی له‌ وڵاته‌كه‌ ده‌ركرد. ئه‌ركی ئه‌م جاره‌ی پـشـكنه‌ره‌كان پـشتڕاستـكردنه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا كۆریای باكور په‌یمان و وابه‌سته‌یـیه‌كانی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات بۆ داخسـتنی سه‌ره‌كیـترین دامه‌زراوی ناوه‌كی كه‌ بڕیاره‌ تا ناوه‌ڕاستی مانگی چوار ئه‌و دامه‌زراوه‌ی دابخات.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ مانگی ڕابردوو كۆریای باكور له‌سه‌ر ئه‌و پلانه‌ ڕازی بوو له‌ میانه‌ی دانوسـتاندنه‌كانی شه‌ش وڵاتی په‌یوه‌ندیدار به‌ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ په‌كین.‌ له‌ به‌رامبه‌ریشـدا پـیۆنگیانگ سووته‌مه‌نی ده‌درێتێ و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی دیبلۆماسیشی له‌گه‌ڵدا چاك ده‌كرێت.

نوێنه‌رانی شه‌ش وڵاته‌كه‌ ( كۆریای باكور و باشور، ئه‌مریكا، ژاپـۆن، چین، ڕوسیا) 19 ی مانگی سێ جارێـكی تر له‌ په‌كین كۆده‌بنه‌وه‌.

بڕیاریشه‌ گه‌وره‌ وتووێـژكه‌ری ئه‌مریكی كرستۆفه‌ر هێـڵ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ بگاته‌ په‌كین به‌ مه‌به‌ستی به‌شـداریكردن له‌ وتووێـژه‌كاندا.

XS
SM
MD
LG