Accessibility links

كۆنفرانسی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ به‌غدا ده‌ست پـێده‌كات


سه‌رۆك وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالكی هۆشـداری دا به‌وه‌ی زیادبوونی تێرۆر و توندوتیژی ئاینزایی‌ ناو عێراق ئاكامی خراپـی ده‌بێت و ڕه‌نگه‌ به‌ سه‌رانسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسـتدا بڵاو بـبێـته‌وه‌.

ڕۆژی شه‌ممه‌ و له‌ میانه‌ی كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێز ئه‌لمالكی ئه‌م گوتانه‌ی ڕاگه‌یاند. كۆنفرانسه‌كه‌ یه‌ك ڕۆژ ده‌خایه‌نێت به‌ به‌شـداری نوێنه‌رانی هه‌ر شه‌ش وڵاته‌كه‌ی هاوسێی عێراق (توركیا، ئێران، كوێت، سه‌عودیـیه‌، ئوردن، سوریا)، له‌گه‌ڵ پـێنج وڵاته‌ ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌یــیه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش (ئه‌مریكا، فه‌ره‌نسـا، به‌ریتانیا، ڕوسیا، چین).

سه‌رۆك وه‌زیری عێراق ڕاشـیگه‌یاند خه‌ڵـكی عێراق باجی دیارده‌ی تێرۆریزمی جیهانی ده‌ده‌ن، وه‌ گوتی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌ره‌ی پـێشه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ دایه‌.

هه‌ر له‌ میانه‌ی گوته‌كانیدا به‌ڕێز ئه‌لمالكی داوای پـشـتگیری له‌ وڵاتانی هه‌رێمه‌كه‌ و كۆمه‌ڵـگای نێونه‌ته‌وه‌یی كرد، وه‌ هه‌روه‌ها داوای یارمه‌تیدان كرد بۆ كۆتایی هێنان به‌ توندوتیژی ‌ ناو عێراق، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا هۆشـداری دژ به‌ ده‌سـت تێوه‌ردانی بـیانی دا له‌ كاروباری ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی.

هاوكات دوو ته‌قینه‌وه‌ له‌ نزیك شـوێنی كۆنفرانسه‌كه‌ ڕوویدا، به‌پـێی قسه‌ی گه‌واهده‌ران دوو ته‌قینه‌وه‌ كه‌ پـێده‌چێت له‌ ئه‌نجامی گولله‌ هاوه‌نه‌وه‌ بووبن كه‌ كه‌وتونه‌ته‌‌ نێوان ئوتێـل ڕه‌شید و باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئه‌و شـوێنه‌ی‌ كۆنفرانسه‌كه‌ی لێ ده‌به‌سترێت.

له‌ دووری چه‌ند كیلۆمه‌ترێـكیشه‌وه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌دری شـیعه‌نشین ئۆتۆمبیلێـكی بۆمبڕێژكراو ته‌قیوه‌ته‌وه‌، وه‌ له‌ ئاكامدا به‌لایه‌نی كه‌م 18 كه‌س كوژران و 20 ی دیكه‌ش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG