Accessibility links

ڕێبه‌رێـكی گروپـێـكی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراق ده‌سـتگیر ده‌كرێت


هه‌واڵه‌كان وا ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌ له‌ هێرشـێـكدا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ئه‌بو غرێب له‌ ڕۆژئاوای شـاری به‌غدا ڕێبه‌ری گروپـێـك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌لقاعیده‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌سـتگیر كراوه‌.

به‌پـێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لبه‌غدادی، ڕێبه‌ری ئه‌و گروپه‌ی كه‌ به‌ خۆیان ده‌ڵێن ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق ڕۆژی هه‌ینی ده‌سـتگیر كراوه‌.

به‌ڵام كاربه‌ده‌سـتانی له‌شـكری ئه‌مریكی ده‌ڵێن هیچ زانیاریـیه‌كیان له‌و باره‌یه‌وه‌ نیـیه‌.

هه‌ر ڕۆژی هه‌ینی سه‌رۆك وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالكی گوتی به‌سـتنی كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ به‌غدا نیشـانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕه‌وشی عێراق به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات.

بڕیاره‌ له‌و كۆنگره‌یه‌دا نوێنه‌رانی وڵاتانی هاوسێی عێراق و ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، فه‌ره‌نسـا، به‌ریتانیا، ڕوسیا، چین) تیایدا به‌شـداری بكه‌ن.

له‌ هه‌واڵه‌كانی تردا، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ باكوری عێراق، ژه‌نه‌ڕاڵ بنیامین میكسۆن ڕایگه‌یاند كه‌وا داوای كردووه‌ هێزی زیاتر بۆ پارێزگای دیالا ڕه‌وانه‌ بكرێت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ به‌رده‌وام كاری توندوتیژی لێ ڕوو ده‌دات. ده‌شـڵێت مه‌به‌ست له‌وه‌ش خسـتنه‌ فشـاری به‌رده‌وامه‌ سه‌ر ئه‌و یاخیبووانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت ناوچه‌كه‌ وه‌ك مۆڵـگه‌یه‌ك و یان بنكه‌یه‌كی ئه‌لقاعیده‌ به‌كاربهێنن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌شـكری ئه‌مریكی ده‌ڵێت ڕۆژی هه‌ینی له‌ شـه‌ڕێـكدا له‌ پارێزگای ئه‌نبار سه‌ربازێـكی مارینز كوژراوه‌.

پـێشـتریش له‌شـكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند كه‌وا له‌ هێرشه‌كانی ڕۆژی هه‌ینیدا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان تێرۆریسـتێـكیان كوشـتووه‌ و 16 گومان لـێـكراویشـیان ده‌سـتگیر كردووه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ فڕۆكه‌یه‌كی كۆپـته‌ری جۆری ئه‌پاچی 12 یاخیبووی كوشـتووه‌ له‌و ده‌مه‌ی بۆسه‌یه‌كیان له‌ سه‌ر ڕێـگایه‌كی ڕۆژئاوای فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدای نێوده‌وڵه‌تی دانابوو.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ هێزه‌ عێراقی و ئه‌مریكیـیه‌كان له‌ هه‌فته‌ی سـێـهه‌می جێبه‌جێـكردنی هه‌ڵمه‌تی سـه‌قامگیركردنی باری ئاسایشی به‌غدا دان.

XS
SM
MD
LG