Accessibility links

ئه‌مریكا ئاماده‌یه‌ له‌ كۆنگره‌ی به‌غدا وتووێژی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سوریا و ئێراندا بكات


دیبلۆماتێـكی باڵای ئه‌مریكایی ده‌ڵێت ئه‌مریكا ئاماده‌یه‌ له‌ میانه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی داهاتووی به‌غدا وتووێـژی ڕاسـته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران و سوریادا بكات.

له‌ كۆنفرانسی چاوه‌ڕوانكراوی به‌غدادا بڕیاره‌ كاربه‌ده‌سـتانی وڵاتانی هاوسێی عێراق و هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی پـێنج ئه‌ندامی هه‌میشـه‌یی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌شـداری بكه‌ن.

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ به‌ر له‌ به‌ڕێـكه‌وتنی بۆ به‌غدا باڵیۆز ده‌یڤد سـاته‌رفێـڵد به‌ په‌یامنێرانی گوت ئه‌گه‌ر ئێران و سوریا ده‌ربه‌ستی هێنانه‌ گۆڕێـی ئۆقره‌ و ئارامی خۆیان بۆ عێراق پـیشـان بده‌ن، ئه‌وا وتووێـژكردنی ڕاسـته‌وخۆ له‌گه‌ڵیاندا كارێـكی به‌جێ و گونجاوه‌.

له‌ درێژه‌ی گوته‌كه‌یدا باڵیۆزی ئه‌مریكا گوتیشی له‌ میانه‌ی وتووێـژه‌ ڕاسـته‌وخۆكاندا وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا مه‌سه‌له‌ی به‌كارهێنانی ته‌قه‌مه‌نی دروستكراوی ئێرانی له‌دژی له‌شـكری ئه‌مریكایی ده‌هێنێته‌ گۆڕێ.

هه‌روه‌ها ده‌شـڵێت ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت سوریا ڕێـگه‌ی لێشـاوی په‌ڕینه‌وه‌ی تێرۆریسـتانی ده‌ره‌كی له‌ سـنووری خۆیه‌وه‌ بۆ ناو خاكی عێراق ڕابگرێت.

بڕیاره‌ ده‌یڤد ساته‌رفێڵد له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق زاڵمای خه‌لیلزاد سه‌رۆكایه‌تی شـاندی ئه‌مریكی له‌ كۆنگره‌كه‌دا بكه‌ن. هه‌روه‌ها جێـگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ كاروباری یاسایی و نێوده‌وڵه‌تی عه‌باس ئاراغچی سه‌رۆكایه‌تی شـاندی ئێرانی ده‌كات.

شـایانی باسه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سـاڵی 1979 وه‌ په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی به‌ ئێرانه‌وه‌ نیـیه‌، وه‌ په‌یوه‌ندیـیه‌كی سـاردی له‌گه‌ڵ سوریادا هه‌یه‌.

XS
SM
MD
LG