Accessibility links

به‌هۆی هێرشێـكی ئاسـمانی ناتۆ به‌لایه‌نی كه‌م 9 كه‌س له‌ باكوری ئه‌فغانسـتان ده‌كوژرێن

  • Benjamin Sand

كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌فغانی ده‌ڵێن به‌هۆی هێرشـێـكی ئاسـمانی ناتۆ له‌ باكوری ئه‌فغانسـتان به‌لایه‌نی كه‌م 9 هاوڵاتی سڤیل كوژراون. ئه‌مه‌ جاری دووهه‌مه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێـكدا كه‌ هێزه‌كانی ناتۆ یان هێزه‌ ئه‌مریكیـیه‌كان به‌ هه‌ڵه‌ خه‌ڵكی سڤیل ده‌كوژن.

په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ ئیسلام ئاباد بنیامین ساند ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌فغانسـتانی ده‌ڵێن گومانبارانی یاخیبووانی تاڵیبانه‌كان دره‌نگانێـكی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ بنكه‌یه‌كی ناتۆیان كردۆته‌ نیشـانه‌ له‌ ناوچه‌ی كاپـیسا له‌ باكوری كابوڵی پایته‌خت. كاتێـك هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی ڕۆژئاوا ته‌قه‌یان كردۆته‌وه‌ وه‌ك كاربه‌ده‌سـتانی خۆجێـیـی ده‌ڵێن پـێده‌چێت ته‌قه‌كردنه‌كانیان به‌ر ماڵـێـك كه‌وتبێت و به‌لایه‌نی كه‌م 5 ژن و چه‌ند منداڵـێـك كوژرابن.

ده‌مڕاسـتێـكی ناتۆ ئه‌و ڕووداوه‌ی پـشـتڕاست نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام گوتی وا له‌ژێر لـێـكۆڵینه‌وه‌دایه‌.

هه‌ر ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش مارینزه‌كانی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 9 وڵاتی سـڤیلی تریان كوشـتووه‌ له‌ پـێـكدادانێـكدا نزیك شـاری جه‌لال ئابادی ڕۆژئاوای ئه‌فغانسـتان.

گه‌واهده‌ران ده‌ڵێن سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا شه‌لم كوێرم ناپارێزم ته‌قه‌یان به‌ناو ئه‌و خه‌ڵـكه‌دا ده‌كرد كه‌ ده‌یانویست خۆیان له‌شه‌ڕه‌ ته‌قه‌كه‌ بـپارێزن. هه‌ر دوابه‌دوای ئه‌و ڕووداوه‌ ده‌ستبه‌جێ كاردانه‌وه‌ هه‌بووه‌ و سه‌دان خۆپـیشـانده‌ر ڕێـگه‌وبانه‌ سه‌ره‌كیـیه‌كانیان گرت و دروشمی دژی ئه‌مریكایان ده‌گوته‌وه‌ هه‌روه‌ها دژی ڕۆژئاواش.

هه‌ر ڕۆژی دووشه‌ممه‌ حامید كارزای سه‌رۆكی ئه‌فغانسـتان په‌یمانی لـێـكۆڵینه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌ن و سه‌ربه‌خۆی داوه‌. ئه‌م دوو ڕووداوه‌ش نیگه‌رانیـیه‌كی زۆری هێناوه‌ته‌ كایه‌ سه‌باره‌ت به‌ شـیانی پـێـكدادانی خوێناوی له‌ ڕۆژانی داهاتوودا.

حامید كارزای به‌رده‌وام ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ له‌شـكریـیانه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی كردووه‌ كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی زیان لـێـكه‌وتنی سڤیل له‌ ئه‌فغانسـتان.

XS
SM
MD
LG