Accessibility links

سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ئه‌لمه‌شـرق له‌ به‌غدا ده‌كوژرێت


پـۆلیسی عێراقی ده‌ڵێت چه‌كداره‌كان له‌ عێراق ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕۆژنامه‌وانێـكیان كوشـتووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ به‌غدا پاش ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری كردووه‌ تا نه‌یڕفێنن.

ڕۆژنامه‌نووس مۆحان ئه‌لظاهر به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین بووه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لمه‌شرق. ئه‌م ڕۆژنامه‌نووسه‌ بۆ خۆی شیعه‌ئاینزا بووه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كێـكی سوننه‌ئاینزاكانی به‌غدا ده‌ژیا.

هه‌ر ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌شـكری ئه‌مریكا ده‌ڵێت هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی هێرشـیان كردۆته‌ سه‌ر مزگه‌وتێـك له‌ به‌غدا و 3 گومانباری یاخیبوویان له‌ ناو مزگه‌وته‌كه‌دا ده‌ستـگیر كردووه‌ كه‌ خۆیان شـاردبووه‌وه‌. له‌شـكر ده‌ڵێت یه‌كێـك له‌و گیراوانه‌ گومانی دابه‌شـكردنی چه‌ك و بۆمبه‌كانی لاڕێی له‌سه‌ره‌.

به‌پـێی ڕێـنمایـیه‌كانی له‌شـكری ئه‌مریكا ڕێـگه‌ ده‌درێت سه‌ربازی ئه‌مریكی بـچنه‌ ناو مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ ته‌نها وه‌ك دوا هه‌نگاو بۆ گرتنی میلیشـیاكان.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كاربه‌ده‌سـتانی عێراقی ده‌ڵێن هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ ژه‌نه‌ڕاڵ ثامر ئه‌لسوڵـتان ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقیان ئازاد كردووه‌ كه‌ دوێنێ شه‌ممه‌ له‌ به‌غدا ڕفێندرابوو. هه‌روه‌ها هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی عێراق 4 كه‌سـیشـیان به‌ تاوانی ئه‌و ڕفاندنه‌ ده‌سـتگیر كردووه‌.

له‌ هه‌واڵێـكی تریشـدا، هه‌ر ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌شـكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند كه‌وا هێزه‌ ئه‌مریكی و عێراقیـیه‌كان زیاتر له‌ 50 یاخیبوویان له‌ میانه‌ی سێ ڕۆژی كرده‌وه‌ی سه‌ربازی له‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین ده‌سـتگیر كردووه‌.

XS
SM
MD
LG