Accessibility links

لایه‌نه‌ فه‌له‌ستینی‌یه‌کان کار له‌سه‌ر نه‌هێشتنی جیاوازییه‌کانیان ده‌که‌ن


لایه‌نه‌ ڕه‌که‌به‌ره‌کانی فه‌له‌ستینی‌یه‌کان پێکه‌وه کارده‌که‌ن له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوانیان و به‌لاوه‌دانی جیاوازییه‌کانیان تاوه‌کو بتوان حکومه‌تێکی یه‌کگرتوو دابمه‌زرێنن.

ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌، سه‌رۆک مه‌حمود عه‌باسی سه‌ر به‌ لایه‌نی فه‌تح ڕایگه‌یاند که‌وا بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و ووتاره‌ دواده‌خات که به‌ نیازبوو سه‌باره‌ت به حکومه‌تی نوێی فه‌له‌ستینیه‌کان پێشکه‌شی بکات.

کاربه‌ده‌ستان گوتویانه‌ ئه‌و دواخستنه‌ به‌هۆی ناکۆکی له‌سه‌ر ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌‌وه‌ بووه‌ که هه‌ردوولایه‌نی فه‌تح و حه‌ماس سه‌باره‌ت به‌ هاوبه‌شیکردنی ده‌سه‌ڵات له هه‌فته‌ی ڕابردوودا له عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ مۆررییان کرد.

پێشبینی کرابوو، به‌ڕێز عه‌باس ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ وازهێنانی سه‌رۆک وه‌زیری فه‌له‌ستینی‌یه‌کان ئیسماعیل هه‌نی‌یه‌ له پۆسته‌که‌ی په‌سه‌ند بکات و بۆ پۆستی فه‌رمانده‌یی حکومه‌ته‌ نوێیه‌که‌ ده‌ست نیشانی بکاته‌وه‌.

ئه‌م ناکۆکی‌یانه‌ش له کاتێکدا دێن که کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکی به به‌ڕێز عه‌باسیان ڕاگه‌یاندووه‌ که‌وا واشنتۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی یه‌کگرتوویی فه‌له‌ستینی‌یه‌کاندا ناکات. ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ نوێیه‌ی فه‌له‌ستینیه‌کان داخوازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیلی‌یه‌كان جێبه‌جێ ناکات و حکومه‌ته‌ نوێیه‌که‌ش دان به‌ بوونی ئیسرائیل‌دا ناهێنێت

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکاش، خانم کۆنده‌لیزا رایس به نیازه‌ له 19 ی ئه‌م مانگه‌دا بۆ سه‌ردانێکی سێ ڕۆژی سه‌ردانی ناوچه‌که‌ بکات و له‌‌گه‌ڵ ئێهود ئۆڵمه‌رت سه‌رۆک وه‌زیری ئیسرائیلی و مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆکی فه‌له‌ستینیه‌کان کۆببێته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG