Accessibility links

عێراق داخستنی سنوره‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران و سوریا ڕاده‌گه‌یه‌نێت

  • Barry Newhouse

کاربه‌ده‌ستانی عێراقی ڕاده‌گه‌یه‌نن خاڵه‌کانی پشکنین له‌سه‌ر سنوره‌کانیان له‌گه‌ڵ ئێران و سوریا داده‌خه‌ن وه‌ک به‌شێک له پلانی نوێی حکومه‌تی عێراقی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هێزه‌ چه‌کدارییه‌ ئاینی‌یه‌کان و کۆتایی هێنان به‌ توندوتیژی نه‌ژادی له پایته‌خت‌دا. هاوکاتیش په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا باری نیوهاوس له باکوری عێراقه‌وه‌ پێمان ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌وا به‌هێزترین هێزی چه‌کداری شیعه‌کان له به‌غدا ڕاگه‌یاندنی ئه‌مه‌ریکی‌یه‌کان ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ڕێبه‌ره‌که‌یان به‌ره‌و ئێران ڕایکردبێت.

ژه‌نه‌ڕاڵی عێراقی عه‌بود جه‌مبه‌ر له ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ و له‌ ڕێگه‌ی که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنی عێراقی‌یه‌وه، ڕێنوماییه‌ نوێیه‌کانی پلانه‌کانی ئاسایشی ڕوونکرده‌وه‌. ژه‌نه‌ڕاڵ جه‌مبه‌ر گوتی سنوره‌کان ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی داده‌خرێن و زۆربه‌ی خاڵه‌کانی سه‌ر سنور دوای 72 کاتژمێر‌ ده‌کرێنه‌وه‌. به‌ڵام ئاماژه‌شی نه‌دا به‌وه‌ی که‌ی سنوره‌کان داده‌خرێن، هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ نه‌کرد که‌ ئایا ئه‌و بڕیاری داخستنه‌، سنوره‌کانی عێراق له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ و تورکیا و ئوردون و کوێت ده‌گرێته‌وه‌ یان نا.

ژه‌نه‌ڕاڵ جه‌مبه‌ر گوتیشی خه‌ڵکێکی زۆر هه‌ن به‌ شێوه‌یه‌کی نایاسایی ماڵیان له ناو به‌غدا داگیرکردووه،‌ ئه‌وانه‌ ده‌بێت له ماوه‌ی 15 ڕۆژدا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی لێوه‌ی هاتوون. شه‌ڕوپێکدادانه‌ نه‌ژادییه‌کانی به‌غداش بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی زۆری که‌مایه‌تی‌یه‌ ئاینی و نه‌ژادییان له‌ هه‌ریه‌كه‌ له ناوچه‌کان به‌ شێوه‌یه‌ک، ماڵه‌کانیان جێ بهێڵن و له جیاتی هه‌زاره‌ ئه‌ندامی تیمه‌ چه‌کدارییه‌کان ماڵه‌ چۆڵکراوه‌کانیان داگیر بکه‌ن.

هه‌روها ژه‌نه‌ڕاڵی ناوبراو ڕایگه‌یاند قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆی شه‌وانه‌ له به‌غدا بۆ کاتژمێرێکی دیکه درێژ ده‌کرێته‌وه‌، هه‌روه‌هاش ڕێنومایی نوێی بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌کد ڕاگه‌یاند و گوتی ته‌نها ئه‌و که‌سانه‌ی ڕێگه‌‌پێدراون ده‌توانن چه‌ک هه‌ڵبگرن.‌ ئه‌و که‌سانه‌ش بریتین له‌ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکی و هێزه‌کانی وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆی عێراق و هه‌ندێ له به‌ڵێنده‌ره‌ تایبه‌ته‌کانی که‌ ئه‌رکی ئاسایشیان پێ سپێردراوه‌.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ش له شاری پیرۆزی که‌ربه‌لا، سه‌رۆک وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالکی ‌ ووتارێکی پێشکه‌شی جه‌ماوه‌رێکی ئه‌و شاره‌ی کرد و هاواری ده‌کرد و ده‌یگوت " ڕۆحمان و خوێنمان بۆ تۆیه‌ عێراق."

مالکی وه‌ڵامی ئه‌و که‌سانه‌ی دایه‌وه‌ که‌ داوا له حکومه‌ت ده‌که‌ن به‌ شێوه‌یه‌کی خێراتر هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی عێراق بنێن و گوتی هه‌وڵی خێراتر ته‌نها به‌فیڕۆدانێکی بێ سوودی کات ده‌بێت. هه‌روه‌ها گوتی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی شیعه‌ی په‌رله‌مانی عێراقیش هه‌وڵی به‌ره‌وپێشبردنی ئاسایش به‌ شێوازێکی هێواش په‌سه‌ند ده‌كه‌ن.

کاربه‌ده‌ستانی عێراقی بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک ده‌بێت باس له‌ کارکردن به پلانێکی نوێی ئاسایشی ده‌که‌ن به‌ڵام ئاماژه‌ ناده‌ن به‌وه‌ی که‌ که‌ی ده‌ست پێده‌کات.

له شاری نه‌جه‌فی پیرۆزی زۆرینه‌ی شیعه‌کانیش، کاربه‌ده‌ستانی سه‌ر به‌ له‌شکری مه‌هدی به‌هێزترین میلیشیای شیعه‌کان ئه‌و ده‌نگوباسانه‌ی ئه‌مه‌ریکا ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌ که‌وا گوایا ڕێبه‌ره‌که‌یان موقته‌دا ئه‌لسه‌در به‌ره‌و ئێران ڕایکردووه‌. کاربه‌ده‌ستانی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ گوتی سه‌در له‌م چه‌ند هه‌فتانه‌ی دواییدا به‌ره‌وه‌ تاران ڕۆیشتووه به‌هۆی مه‌ترسی دابه‌شبوونی توندڕه‌وه‌کانی ناو له‌شکری مه‌هدی و پارته‌ سیاسی‌یه‌که‌ی. باره‌گای موقته‌دا ئه‌لسه‌دریش ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له نه‌جه‌ف ڕایانگه‌یاند که‌وا موقته‌دا هێشتا له شاردا ماوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر هۆکاری ئاسایشی به‌ شێوه‌یه‌کی که‌متر له نێو خه‌ڵکی‌دا ده‌رده‌که‌وێت.

هاوکات له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا، له‌شکری ئه‌مه‌ریکی ڕایگه‌یاند که‌وا 15 گومانلێکراوی تیرۆریستیان له پایته‌ختی عێراقی کوشتووه‌ و 27 گومانلێکراوی ئه‌لقاعیده‌شیان له به‌غدا و رومادی ده‌ستگیرکردووه‌.

له لایه‌کی دیکه‌، کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکی پشت ڕاستیان کرده‌وه‌ که‌وا ئه‌و هه‌لیکۆپته‌ره‌ ئه‌‌مه‌ریکی‌یه‌ی ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی هێزی مارینزی ده‌گواسته‌وه، له پارێزگای ئه‌نبار به‌هۆی هێرشی دوژمنانه‌وه‌ که‌وتۆته‌‌ خواره‌وه‌. ئه‌وه‌بوو پێشتر کاربه‌ده‌ستانی له‌شکری گوتیان حه‌وت ئه‌ندامه‌که‌ی ناو ئه‌و هه‌لیکۆپته‌ره‌ گیانیان له ده‌ستداوه‌ و هه‌لیکۆپته‌ره‌که‌ش به‌هۆی کێشه‌ی میکانیکی‌یه‌وه‌ که‌وتۆته‌ خوارێ.

کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکیش ده‌ڵێن پێداچوونه‌وه‌ به‌ چۆنێتی فڕینی هه‌لیکۆپته‌ره‌کانیان‌ ده‌که‌ن، به‌ تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی له‌م هه‌فتانه‌ی دواییدا ژماره‌یه‌ک هه‌لیکۆپته‌ری ئه‌مه‌ریکی له لایه‌ن هێزه‌کانی دوژمنه‌وه‌ خرانه‌ خوارێ.

XS
SM
MD
LG