Accessibility links

ئۆتۆمبیلێـكی بۆمبڕێژكراو 15 كه‌س له‌ بنكه‌یه‌كی پـۆلیس له‌ عێراق ده‌كوژێت


پـۆلیسی عێراقی ده‌ڵێت كه‌سـێـكی خۆكوژ به‌ ئۆتۆمبیلێـكی بارهه‌ڵـگری بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ خۆی داوه‌ به‌ بنكه‌یه‌كی پـۆلیس له‌ باكوری عێراق و له‌ ئاكامدا به‌لایه‌نی كه‌م 15 كه‌سی كوشـتووه‌ و زیاتر له‌ 20 ی دیكه‌شی بریندار كردووه‌.

پـۆلیس ده‌ڵێت هێرشه‌كه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ شـارۆچـكه‌یه‌كی زۆرینه‌ سونی ڕوویداوه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ 20 كیلۆمه‌تر خواروی شـاری تكریت. ده‌شڵێن خۆكوژه‌كه‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كێشـاوه‌ به‌ ده‌رگای بنكه‌ی پـۆلیسه‌كه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ پـۆلیسی عێراقی ده‌ڵێت ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له‌ باكوری ڕۆژئاوای عێراق له‌ نزیك سنوری سوریا 8 پاسه‌وانی سه‌ر سنوریان له‌ ناو پاسێـكی بچوكدا كوشـتووه‌.

له‌ ڕووداوێـكی دیكه‌دا، گه‌واهده‌ران ده‌ڵێن كۆپـته‌رێـكی ئاپاشی ئه‌مریكی له‌ نزیك بنكه‌یه‌كی ئاسمانی ئه‌مریكی له‌ تاجی كه‌وتۆته‌ خوارێ. گوته‌بێژێـكی ئه‌مریكی له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی له‌شـكر له‌ ڕاستی و دروستی ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ له‌م هه‌فتانه‌ی دوایی 6 كۆپـته‌ری ئه‌مریكی له‌ عێراق كه‌وتۆته‌ خوارێ. له‌شـكری ئه‌مریكی ده‌ڵێت چواریان خراونه‌ته‌ خوارێ.

هه‌ر ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌شـكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند كه‌وا له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی یه‌كه‌می پلانه‌ ئاسایشیـیه‌كه‌ی به‌غدای پایته‌خت 14 حه‌شـارگه‌ی چه‌ك دۆزراوه‌ته‌وه‌ و 140 تێرۆریستیش ده‌ستگیر كراون.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌شـكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند كه‌وا سه‌ربازێـكی ئه‌مریكی له‌ شه‌ڕێـكدا له‌گه‌ڵ یاخیبووان له‌ پارێزگای دیالا له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا كوژراوه‌.

XS
SM
MD
LG