له‌شکری ئه‌مه‌ریکی ده‌ڵێت فه‌رمانده‌ی باڵای له‌شکری ئه‌مه‌ریکی به سه‌رۆک بوشی ڕاگه‌یاند که‌وا ستراتیژییه نوێیه‌که‌ی له عێراق‌دا به بێ بوونی یارمه‌تی سیڤیڵی زیاتر بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ووڵاته‌که، شکست ده‌هێنێت.
ڕۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌کی حکومه‌ت که ناوه‌که‌ی ئاشکرا نه‌كراوه، ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌وا ئه‌ندامانی ستونه له‌شکرییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هۆشداری ئه‌وه‌یان داوه که زیادکردنی ژماره‌ی هێزه‌کانی له‌شکری به ته‌نها ناتوانێت کێشه‌کانی عێراق چاره‌سه‌ر بکات.
ستراتیژییه نوێیه‌که‌ی سه‌رۆک بوش بانگه‌شه‌ی زیادکردنی ژماره‌ی سه‌ربازه‌کانی ئه‌مه‌ریکی بۆ زیاتر له 21 هه‌زار ده‌کات له پێناو چاکردنی ڕه‌وشی ئاسایش، هه‌روه‌هاش بانگه‌شه‌ی زیادکردنی هه‌وڵه‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه و به‌ره‌وپێشچوونی سیاسی له تیمه سیڤیڵیه ئه‌مه‌ریکی‌یه‌کان ده‌کات.
ڕۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز ده‌ڵێت فه‌رمانده له‌شکرییه‌کان نیگه‌رانن له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه داوای له له‌شکر کردووه که‌وا زیاتر له سێ‌یه‌کی 350 کاری سیڤیڵی پڕ بکه‌نه‌وه که بڕیاربووه له ژێر پلانه‌که‌ی سه‌رۆک بوش‌دا په‌یدا ببێت.
هاوکاتیش له عێراق، له‌شکری ئه‌مه‌ریکی ده‌ڵێت له‌و ڕاپۆرتانه ده‌کۆڵێته‌وه که ده‌ڵێن له‌وانه‌یه فڕۆکه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکی له باکوری به‌غدا که‌وتبێته خوارێ.
شایه‌تحاڵه‌کان ده‌ڵێن هه‌لیکۆپته‌ره‌که له کێڵگه‌یه‌کی ناوچه‌ی شێخ ئه‌میر که‌وتۆته خوارێ و دووکه‌ڵ له شوێنی ڕووداوه‌که به‌رزبۆته‌وه.
له‌م چه‌ند هه‌فته‌ی دواییدا، چوار هه‌لیکۆپته‌ری ئه‌مه‌ریکی له میانه‌ی چه‌ند ڕووداوێکی جودادا که‌وتونه‌ته خوارێ و تیایدا زیاتر له 20 ئه‌ندامی له‌شکری و به‌ڵێنده‌ری ئاسایشی ئه‌مه‌ریکی گیانیان له ده‌ستداوه.
ڕۆژی سێشه‌ممه‌ش، سه‌رۆک وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالکی فه‌رمانی به فه‌رمانده له‌شکرییه‌کانی داوه که له خۆئاماده‌کردن بۆ هه‌وڵه‌کانی چاکردنی ڕه‌وشی ئاسایش له به‌غدا به پشتیوانی له‌شکری ئه‌مه‌ریکی، خێرا بکه‌ن.
نزیکه‌ی 90 هه‌زار سه‌ربازی عێراقی و ئه‌مه‌ریکیش به نیازن به‌ره‌و به‌غدا بڕۆن و ڕووبکه‌نه گه‌ڕه‌که هه‌ره خه‌ته‌رناکه‌کانی به‌غدا که تیایاندا ڕۆژانه توندوتیژی نه‌ژادی ڕووده‌دات و تاوه‌کو ئێستا سه‌دان که‌سی سیڤیڵی تیادا کوژراوه.
له لایه‌کی دیکه، له‌شکری ئه‌مه‌ریکی ده‌ڵێت ڕۆژی سێشه‌ممه هێزه‌کانی عێراقی فه‌رمانده‌ی شانه‌یه‌کی یاخیبوانیان له نزیک شارۆچکه‌ی تاجی له باکوری به‌غدا ده‌ستگیرکردووه.