Accessibility links

تۆنی بلێر له‌ مشتومڕێـكی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی ده‌رباره‌ی عێراق ئاماده‌ نابێت


سه‌رۆك وه‌زیری به‌ریتانیا تۆنی بلێر له‌ یه‌كه‌مین مشـتومڕی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حكومه‌تدا له‌ دوای سـاڵی 2004 دا سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی به‌ریتانیا له‌ عێراق به‌شـداری نه‌كردووه‌. به‌ڵام پـێش كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی په‌رله‌مان گوتی فشـاری ئۆپۆزیسـیۆنه‌كان بۆ كێشـانه‌وه‌ی هێزه‌كانی به‌ریتانیا له‌ عێراق تا مانگی ده‌ زۆر بێ پـرسـانه‌یه‌.

به‌ڕێز بلێر گوتی كشـانه‌وه‌یه‌كی ته‌واو ترسـناكترین ئاماژه‌یه‌ بدرێت به‌ تیرۆریسـتان. گوتیشی جێـگری سه‌رۆكی عێراقی تاریق ئه‌لهاشـمی ئاگاداری كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ دژی دانانی هه‌ر خشـته‌یه‌كی كشـانه‌وه‌ی به‌ریتانیایه‌ له‌ عێراق.

سه‌ره‌تا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا مارگرێت به‌كێت مشـتومڕكه‌ی ده‌رباره‌ی عێراقی ده‌ست پـێـكرد، وه‌ گوتی حكومه‌ته‌كه‌ی پـشـتیوانی له‌ ئامانجی هاوپه‌یمانانی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریكا ده‌كات به‌ دانی كۆنتڕۆڵی هه‌موو 18 پارێزگاكه‌ی عێراق به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی تا كۆتایی سـاڵ. هه‌روه‌ها گوتیشی له‌وانه‌یه‌ هێزه‌كانی به‌ریتانیا له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێـكدا له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌سـره‌ بكشـێنه‌وه‌.

مێنزێس كامبڵ كه‌ دیموكراتێـكی لیبراڵه‌ و به‌رهه‌ڵـستێـكی سه‌رسه‌ختی شه‌ڕی عێراقه‌ ڕه‌خنه‌ی له‌ بلێر گرتووه‌ له‌سه‌ر ئاماده‌ نه‌بوونی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا. گوتیشی میلله‌تی به‌ریتانیا مافی خۆیه‌تی بزانێت لێـكدانه‌وه‌ و سـتراتیژیـه‌تی سه‌رۆك وه‌زیر بۆ كشـانه‌وه‌ له‌ عێراق چـیـیه‌.

به‌ڕێز بلێر گوتویه‌تی ئه‌و كاتێـك قسه‌ سه‌باره‌ت به‌ عێراق بۆ په‌رله‌مانتارانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ به‌سـره‌ كشـاینه‌وه‌.

XS
SM
MD
LG