Accessibility links

هیله‌ری کلینتۆن خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ساڵی 2008 به‌ربژار ده‌کات

  • Marissa Melton

سیناتۆری ویلایه‌تی نیویۆرک هیله‌ری کلینتۆن به‌ربژارکردنی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ساڵی 2008 ڕاگه‌یاند.

سیناتۆر کلینتۆن، هاوسه‌ری سه‌رۆکی پێشووی ووڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بیل کلینتۆن، ڕۆژی شه‌ممه‌ و له ڕێگه‌ی ماڵپه‌ره‌که‌ی خۆیه‌وه‌ له‌سه‌ر ئینته‌رنێت به‌ربژاردنی خۆی ڕاگه‌یاند و گوتی" ئه‌مڕۆ ڕامگه‌یاند که‌وا کۆمیته‌یه‌کی چاودێری سه‌رۆکایه‌تیم پێکهێناوه‌."

خانم کلینتۆن که‌ ته‌مه‌نی 59 ساڵه‌ ڕه‌خنه‌ی له به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش گرت و گوتی دوای شه‌ش ساڵ له خزمه‌تی سه‌رۆکایه‌تی کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌ڵێنی ئه‌مه‌ریکا نوێ بکرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌کرد که‌ ئامانجه‌کانی ڕێبه‌رایه‌تیه‌که‌ی داڕشتووه و گوتی " با گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنێتی کۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕی عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕێز و حورمه‌ت بۆ گه‌لی ئه‌مه‌ریکا له سه‌رانسه‌ری جیهان‌دا بکه‌ین."

هیله‌ری کلینتۆن گوتیشی ده‌یه‌وێت ووتوێژ بکات له‌سه‌ر چۆنێتی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له ده‌ستکه‌وتنی سه‌رچاوه‌ی ووزه‌دا پشت به‌ خۆی ببه‌ستێت و له نه‌وتی بیانی ئازاد بێت.‌ هه‌روه‌ها باسی له کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی وه‌ک ته‌ندروستی گشتی کرد و ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌که هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ی له ساڵانی 1990 کاندا خانمی یه‌که‌مین بووه تیشکی خستۆته‌ سه‌ر.

خانم کلینتۆن له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كه‌یدا جه‌ختی کرده‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سه‌ر به‌ خێزانێکی چین مام ناوه‌ند بووه‌ و کارنامه‌کانی له‌سه‌ر بنه‌مای خێزانه ئاست مام ناوه‌نده‌کانه‌وه گه‌شه‌ پێده‌کات که به‌ پێی خانم کلینتۆن ئه‌م چینه‌ی ناو کۆمه‌ڵگا له سه‌رده‌می به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش دا فه‌رامۆش کرابوون.‌

ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی خانم کلینتۆن له هه‌فته‌یه‌ک دوای ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی سیناتۆری ئه‌مه‌ریکی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌فه‌ریکی باراک ئۆباما‌وه‌ هات.

هه‌ریه‌که‌ له‌م کاندیدانه‌ش سه‌رکه‌وتن به‌ ده‌ست بهێنن ئه‌وا ده‌بنه‌ یه‌که‌مین له مێژوودا. خانم کلینتۆن ده‌بێته‌ یه‌که‌م ژنی ئه‌مه‌ریکی که بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵبژێرێت. به‌ڕێز ئۆباما‌ش ده‌بێته یه‌که‌م ئه‌مه‌ریکی ئه‌فه‌ریکی بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵبژێرێت.

تاوه‌کو ئێستا پێنج کاندیدی سه‌ر به ‌دیموکراته‌کان بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی هه‌یه‌. له‌ لایه‌نی پارتی کۆمارییه‌کانیش، سیناتۆر سام براونباک ی ویلایه‌تی که‌نساس ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی به‌ربژارکردنی خۆی بۆ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مه‌ریکا ڕاگه‌یاند.‌.

XS
SM
MD
LG