Accessibility links

گروپـێـكی هه‌ردوو پارت له‌ ئه‌نجومه‌نی سـێنات له‌سه‌ر بڕیارێـك له‌ دژی زیادكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ڕێـك ده‌كه‌ون


سێ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سـێناتی ئه‌مریكی، كه‌ یه‌كێـكیان كۆماریـیه‌، ڕێـكـكه‌وتن له‌سه‌ر بڕیارێـك له‌ دژی پلانه‌ نوێـیه‌كه‌ی سه‌رۆك بوش‌ كه‌ تیایدا ده‌یه‌وێت هێزی زیاتری ئه‌مریكی ڕه‌وانه‌ی عێراق بكات.

سـێناتۆری كۆماری چه‌ك هاگڵ و هه‌ردوو سـێناتۆری دیموكرات جۆزێڤ بایدن و كارل لێڤن ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ واشـنتۆن كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیـیان سـازكرد.

سـێناتۆر هاگڵ كه‌ ئه‌ندامێـكی به‌ناوبانگی پارتی كۆماری سه‌ر به‌ سه‌رۆك بوشه‌، گوتی بڕیاره‌كه‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌وڵ و كۆشـشێـكی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ردوو پارتی كۆماری و دیموكرات بووه‌، وه‌ ده‌بێت وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی به‌ره‌و پـێش چوون له‌ عێراق مشـتومڕێـكی ناوخۆیی ئه‌نجام بدات.

سـێناتۆر هاگڵ یه‌كێـكه‌ له‌و كه‌سـانه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی شه‌ڕی عێراق ده‌گرێت.

سـێناتۆر بایدنیش گوتی خۆڕاگری له‌ شه‌ڕی عێراق ته‌نها به‌ پـشتیوانی گه‌لی ئه‌مریكا و پـشـتگیری هه‌ردوو پارت له‌ كۆنگرێس به‌ده‌ست دێت.

سـێناتۆر لێڤنیش گوتی له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌م بڕیاره‌ كاریگه‌ریـیه‌كی مه‌زنی ده‌بێت.

ڕێبه‌رانی پارتی دیموكرات پلان بۆ پـێشـكه‌شـكردنی بڕیارێـكی له‌و شـێوه‌یه‌ بۆ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران داده‌نێن، تاوه‌كو یاسادانه‌ران ناچار بكرێن هه‌ڵوێستی خۆیان له‌مه‌ڕ زیادكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌ ڕوونی ئاشـكرا بكه‌ن.

هاوكات سه‌رۆك بوش به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پـشـتیوانی بۆ زیادكردنی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ عێراق له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ یاسادانه‌رانی سه‌ر به‌ پارتی كۆماری كۆبووه‌وه‌.

گوته‌بێژی كۆشـكی سـپـی تۆنی سـنۆ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ گوتی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی كۆنگرێس، ئه‌و‌انه‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بوشدا كۆبوونه‌وه‌ به‌لایه‌نی كه‌م گومانیان له‌ پلانی ناردنی هێزی زیاتر بۆ عێراق هه‌یه‌.

XS
SM
MD
LG