Accessibility links

كۆنده‌لیزا ڕایس له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌له‌ستینی كۆده‌بێته‌وه‌


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا خانم كۆنده‌لیزا ڕایس به‌ڵێنی به‌ سه‌رۆكی فه‌له‌ستینی مه‌حمود عه‌باس داوه‌ كه‌وا واشـنتۆن هه‌وڵی چـڕتر بدات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌سـتینیـیه‌كان.

خانم ڕایس ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌له‌سـتینی مه‌حمود عه‌باس له‌ شـاری ڕامه‌ڵـڵا له‌ كه‌ناری ڕۆژئاوا كۆبووه‌وه‌ و پاشان كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شـیان به‌ست.

خانم ڕایس ده‌ڵێت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رۆك بوش گوێی بۆ ئه‌و داوایه‌‌ شـلكردووه‌ كه‌ تیایدا داوا له‌ ئه‌مریكا كراوه‌ هه‌وڵی چـڕتر بدات له‌ پـرۆسه‌ی ئاشـتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌مریكاش به‌پـیر ئه‌و داوایانه‌وه‌ ده‌چێت.

به‌ڕێز عه‌باسیش گوتی ئه‌و به‌ خانم ڕایسی گوتووه‌ كه‌وا ئه‌و له‌ دژی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێـكی فه‌له‌سـتینین به‌ سـنورێـكی كاتی، وه‌ به‌ بیرۆكه‌یه‌كی ناواقعی ناوزه‌ند كرد.

هه‌روه‌ها به‌ڕێز عه‌باس دووباره‌ به‌ڵێنی دا كه‌وا ئه‌گه‌ر بێتو وتووێـژه‌ نوێـیه‌كانی بۆ پـێـكهێنانی حكومه‌تێـكی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ حه‌ماسی ده‌سه‌ڵاتداردا پـێشـكه‌وتن به‌ ده‌ست نه‌هێنێت ئه‌وا بڕیاری هه‌ڵـبژاردنی پـێش وه‌خت ده‌دات.

ڕۆژی شه‌ممه‌ش كۆنده‌لیزا ڕایس له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل تزیـپـی لیڤینی وتووێـژیان سه‌باره‌ت به‌ بیرۆكه‌ی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تێـكی فه‌له‌سـتینی به‌ سـنورێـكی كاتی كردووه‌ كه‌ له‌ نێو سـنوری دیواری پاراسـتنی ئاسـایشی ئیسرائیلیدا بێت له‌ كه‌ناری ڕۆژئاوا.

فه‌له‌سـتینیـیه‌كان ئه‌و دیواره‌ ڕه‌تـده‌كه‌نه‌وه‌ چونكه‌ به‌ نێو چه‌ند به‌شـێـكی كه‌ناری ڕۆژ ئاوادا تێپـه‌ڕ ده‌بێت.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ ڕامه‌ڵـڵا دووهه‌م ویسـتگه‌ی گه‌شـته‌ دیبلۆماتیـیه‌كه‌ی خانم ڕایسه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

XS
SM
MD
LG