Accessibility links

ئه‌مه‌ریكا هێرشی‌ ئاسمانی‌ نوێ ده‌كاته‌‌‌ سه‌ر حه‌شارگه‌كانی ئه‌لقاعیده‌ له سۆماڵیا


ڕۆژی سێشه‌ممه‌ كاربه‌ده‌ستانی سۆماڵی ڕایانگه‌یاند كه‌وا له‌شكری ئه‌مه‌ریكی هێرشی ئاسمانی نوێی كردۆته‌ سه‌‌ر باشوری سۆماڵیا له نزیك ئه‌و ناوچه‌یه‌‌ی كه‌ ڕاگه‌یه‌ندرابوو له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا هێرشی ئاسمانی لێ ئه‌نجامدرابوو له دژی ئه‌ندامه‌ گومانلێكراوه‌كانی ئه‌لقاعیده.

شایه‌تحاڵه‌كان ده‌ڵێن ئه‌م هێرشانه ‌له نزیك گوندی ئافمادۆو ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ نزیكه‌ی 350 كم له‌ باشوری مه‌قادیشۆی پایته‌خته‌وه‌ دووره‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ش، به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ یه‌ك یان دوو فڕۆكه‌ی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكی هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر شوێنی حه‌شارگه‌كانی ئه‌لقاعیده‌ له باشوری سۆماڵیا له نزیك سنوری كینیا. كاربه‌ده‌ستانی نێو حكومه‌تی كاتی سۆماڵی ده‌ڵێن هێرشه‌كان بوونه‌ته‌ هۆی كوشتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی،

كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی و سۆماڵیش ده‌ڵێن ئامانجی هێرشه‌كان فه‌رمانده‌ی باڵای ئه‌لقاعیده‌ له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فه‌ریكا "ئه‌بو ته‌ڵا ئه‌لسودانی" و ئه‌و گومانلێكراوانه‌ بووه‌ كه له ته‌قینه‌وه‌كانی ساڵی 1998 ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكی له كینیا و ته‌نزانیا ده‌ستیان هه‌بووه‌. تاوه‌کو ئێستا ئاشكرا نی‌یه ‌كه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ نیشان كراوانه‌ كوژراون یان نا.

سه‌رۆكی كاتی سۆماڵیاش یوسف عه‌بدوڵا ده‌ڵێت ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر ئه‌و تیرۆرستانه‌ی به‌شداری ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و باڵیۆزخانانه‌یان كردووه‌.

به‌ڕێز عه‌بدوڵا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی‌دا له مه‌قادیشۆ ئه‌م تێبینیانه‌یدا له ڕۆژێك پاش ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌م جار له دوای وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له ساڵی 2004 ه‌وه‌ بچێته‌وه‌ پایته‌خت.

میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌وا فڕۆكه‌ی جۆری AC-130 ئه‌مه‌ریكی له‌و هێرشانه‌دا به‌كارهێنراوه‌ و له‌ بنكه‌ی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكی له جیبۆتی‌یه‌وه‌ هه‌ڵساون. تاوه‌كو ئێستاش ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمی هه‌واڵی ئه‌م هێرشه‌ ئاسمانی‌یانه‌یان پشت ڕاست نه‌كردۆته‌وه.

جێی باسه‌، فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پاسه‌وانی كه‌ناره‌كانی سۆماڵیا ده‌كه‌ن تاوه‌كو ڕێگه‌ به‌ ئه‌ندامانی ئه‌لقاعیده‌ نه‌ده‌ن له ڕێگای ده‌ریاوه ‌خۆیان ده‌رباز بكه‌ن.

هێزه‌ ئیسلامی‌یه‌كانی سۆماڵیاش تاوانباركراون به‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌لقاعیده‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌ره‌و سنوره‌كانی باشوری سۆماڵ ڕایان كردووه‌ دوای ئه‌وه‌ی‌ له‌ مه‌قادیشۆ و ناوچه‌كانی تر كه‌ لێی كۆبووبوونه‌وه‌ مانگی ڕابردوو له لایه‌ن سه‌ربازه ئه‌تیوپی و سۆماڵی‌یه‌كانه‌وه‌‌ ده‌رباز كران. ‌ ئیسلامی‌یه‌كانیش نكۆڵی ده‌كه‌ن له بوونی هه‌ر جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆرستانی ئه‌لقاعیده‌دا هه‌یانبێت.

XS
SM
MD
LG