Accessibility links

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشـنتـۆن: ئاكامه‌ یاسایی و سـیاسـیـیه‌كانی ئیعدامكردنی سه‌دام حسێن


شه‌ممه‌ی ڕابردوو 30 ی مانگی دوانزه‌ی سـاڵی 2006 ڕۆژێـكی مێژوویی بوو بۆ عێراق، كاتێـك سه‌دام حسـێن دیكتاتۆری پـێشـوو په‌تی ئیعدامی له‌ مل كرا به‌ تاوانی فه‌رماندانی كوشتنی 148 پـیاوی شیعه‌ له‌ گوندی دوجێـل له‌پاش هه‌وڵـێـكی سه‌رنه‌كه‌وتووی بۆ سه‌ر گیانی له‌ سه‌ره‌تای هه‌شـتاكاندا.

"سه‌دام به‌ حه‌قی خۆی گه‌یشت" یه‌كێـك له‌ ڕۆژنامه‌كانی ئه‌مریكا نووسی.

بێجگه‌ له‌ شـیعه‌كان كورده‌كانیش كه‌ خۆیان قوربانیانی ڕاسـته‌وخۆی ده‌سـتی ڕژێمی ڕوخاوی سه‌دام حسێن و پارتیـیه‌كه‌ی (پارتی به‌عس) بۆ ده‌یان سـاڵ بوون دڵخۆش بوون كه‌ دیتیان سه‌دام حسێن به‌ سـزا گه‌یشت. هه‌رچه‌نده‌ كورده‌كان پـرسـیاریان كرد باشه‌ په‌له‌كردن له‌ ئیعدامـكردنی سه‌دام حسێن بۆچی؟ به‌ تایبه‌تی كه‌ هێشـتا پـرۆسه‌ی دادگایـیكردنی ئه‌و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ یاریده‌ده‌رانی باڵای پـێشـووی به‌ تاوانی گه‌وره‌تر شـاڵاوی سه‌ربازی ئه‌نفاله‌كان كه‌ دادپـرسـان ده‌ڵـێن له‌ ئه‌نجامیان 180 هه‌زار كورد كه‌ له‌ كۆتایی هه‌شـتاكاندا كوژران و بـێسه‌روشوێنكران چی به‌سه‌ردێت؟

له‌وه‌ش زیاتر كاردانه‌وه‌ به‌ ئیعدامكردنی سه‌دام ده‌نگ و ئاوازه‌ی گه‌وره‌تریشی داوه‌ كاتێـك دره‌نگانێـكی هه‌مان ڕۆژ ڤیدیۆیه‌كی ناڕه‌سمی كه‌ به‌ كامێرای ته‌له‌فون گیرابوو به‌ ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئنته‌رنێتیش بڵاوكرایه‌وه‌. شـایه‌ته‌كان بێ ڕێزی و گاڵته‌ به‌ سه‌دام حسێن ده‌كه‌ن چه‌ند ده‌قه‌ به‌ر له‌وه‌ی په‌ت له‌ ملی بخرێت. زۆر كه‌س به‌ تایبه‌تی عه‌ره‌به‌ سـونیـیه‌كانی عێراق گوتویانه‌ ئه‌و كاره‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌ زۆرینه‌ شیعه‌ی عێراق بوو. حكومه‌ت كه‌ چاوه‌ڕێی بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌ی له‌م شـێوه‌یه‌ی كامێرای ته‌له‌فونی نه‌بوو ڕایگه‌یاند ده‌ستی به‌ لـێـكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌ و قسه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سـێـك ده‌كات.

باشه‌ ئه‌م ئیعدامكردنه‌ له‌و كاته‌ و به‌و شـێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌چوو چ كاریگه‌ریـیه‌كی به‌سه‌ر سـیسـتمی داد و یاسا ده‌بێت، هه‌روه‌ها چ كاریگه‌ریـیه‌كی به‌سه‌ر پـرۆسه‌ی سـیاسی عێراق و به‌ تایبه‌تی پـرۆسه‌ی ئاشـتكردنه‌وه‌ی نیشـتیمانی ده‌بێت و چ به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان كۆمه‌ڵه‌ نه‌ژادی و ئاینیـیه‌كانی عێراق ده‌بێت.

هاوكارمان موعته‌به‌ر شـیروانی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشـنتۆنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی تایبه‌ت كردبوو به‌ باسـكردنی ئه‌م بابه‌ته‌، وه‌ میوانی به‌رنامه‌كه‌ ستران عه‌بدوڵـڵا سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ له‌ شـاری سـلێمانی بووه‌.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی به‌رنامه‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیككردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌. ماوه‌ی به‌رنامه‌كه‌ 43 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG