ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنی داوه به یارمتیدانی دارایی ئه‌و هێزه ئاشتیخوازه‌ی كه پێشنیاركراوه بۆ سۆماڵیا ڕه‌وانه بكرێت.
دیپلۆماتی باڵای ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فه‌ریكا، جێندایی فره‌یزه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی گوتویه‌تی ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بڕی 14 ملیۆن دۆلار بۆ ئه‌و هێزه دابین ده‌كات. ئه‌م یارمه‌تییه داراییه‌ش له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه دابین ده‌كرێت شان به شانی ئه‌و 26 ملیۆن دۆلاره‌ی پێشتر ڕاگه‌یه‌ندراوه وه‌ك یارمه‌تی به سۆماڵیا ده‌درێت.
فره‌یزه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی له نه‌یروبی پایته‌ختی كینیا ئه‌م ووتانه‌ی به ڕۆژنامه‌وانان ڕاگه‌یاند پاش ئه‌وه‌ی دیپلۆماتانی خۆرئاوایی و ئه‌فه‌ریكی له میانه‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌كدا گفتوگۆیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سۆماڵیا كرد. خانم فره‌یزه‌ر گوتویه‌تی ئه‌و باوه‌ڕده‌كات تاوه‌كو كۆتایی مانگی یه‌ك ئه‌و هێزه ئاشتیخوازه بگه‌یه‌ندرێته سۆماڵیا.
بڕیاریشه وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی كینیا رافاییل توجو سه‌ردانی ووڵاتانی ئه‌فه‌ریكا بكات تاوه‌كو داوای به‌شداریكردنیان لێ بكات له‌و هێزه ئاشتیخوازه‌ی كه پێشنیاركراوه ڕه‌وانه‌ی سۆماڵیا بكرێت.
ئۆگه‌نداش له لای خۆیه‌وه ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه بۆ ناردنی هه‌زار سه‌رباز بۆ سۆماڵیا به شێوه‌یه‌ك كه ستراتیژی هاتنه ده‌ره‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانیان له‌و ووڵاته‌دا ئاشكرا بێت. به‌ڵام ڕێبه‌ری ئۆپۆزسیۆنی ئۆگه‌ندی كیزا بێسیگایی به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای گوتووه سۆماڵیا نایه‌وێت سه‌ربازی بیانی له ووڵاتهكهیدا هه‌بێت.
پێشتریش، سه‌رۆكی كاتی سۆماڵیا عه‌بدوڵا یوسف بانگه‌شه‌ی ده‌ستبه‌جێ ڕه‌وانه‌كردنی سه‌ربازی ئاشتیخوازی ئه‌فه‌ریكی بۆ ووڵاته‌كه‌ی كردووه.
به‌ڕێز یوسف ئه‌مڕۆ هه‌ینی له میانه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ گروپی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سۆماڵ له نه‌یروبی پایته‌ختی كینیا ئه‌م تێبینیانه‌یدا.
ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ش له كینیا ئه‌نجام ده‌درێت هه‌فته‌یه‌ك پاش ڕاونانی ئیسلامیه‌كان له لایه‌ن سه‌ربازه‌كانی حكومه‌تی سۆماڵی و سه‌ربازه‌كانی ئهتیوپیای هاوپه‌یمانیان له ناوچه‌كانی كه له‌م دواییانه‌دا ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو.
به‌ڕێز یوسف گوتویه‌تی ئه‌مه بوارێكه بۆ سه‌قامگیركردنه‌وه‌ی ڕه‌وش له سۆماڵیادا كه له ساڵی 1991 ه‌وه حكومه‌تێكی ناوه‌ندی كاریگه‌ری به‌خۆوه نه‌بینیوه. كاتێك شه‌ڕكه‌ره‌كان دكتاتۆر موحه‌ممه‌د سیاد بارییان ڕووخاند.
به‌ڕێز یوسف بانگه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یشی كرد كه یارمه‌تی دارایی و ته‌كنیكی حكومه‌ته‌كه‌یان بده‌ن و كه‌لوپه‌ل و پێداویستی گرنگیان بۆ ڕه‌وانه بكه‌ن.
هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕێكی ئینته‌رنێتدا په‌یامێكی ڕێبه‌ری دووه‌می ناو ئه‌لقاعیده ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهری بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ش كه‌م ئه‌م په‌یامه‌ی بڵاوكردۆته‌وه به به‌رده‌وامی له لایه‌ن گروپی چه‌كداری ئیسلامیه‌كانه‌وه به‌كار ده‌هێنرێت. ئه‌لزه‌واهری داوا له چه‌كدارانی سۆماڵیا ده‌كات ئه‌و تاكتیكانه بگرنه به‌ر كه گهرێلاكانیان له عێراق و ئه‌فغانستان به‌كاری ده‌هێنن تاوه‌كو بتوانن سه‌ربازه ئهتیوپیهكان له سۆماڵیا بكه‌نه ده‌ره‌وه. له پهیامهكهشیدا ده‌ڵێت، سۆماڵیا خاكێكی پیرۆزی موسوڵمانانه.