Accessibility links

به‌هۆی توندوتیژی نێوان فه‌له‌سـتینیـیه‌كان 4 كه‌س له‌ غه‌ززه‌ ده‌كوژرێن


گه‌واهیده‌ران و لـێـپـرسـراوانی ته‌ندروسـتی ده‌ڵێن شه‌ڕ و پـێـكدادانی نێوان گروپه‌ به‌شه‌ڕهاتووه‌كانی فه‌له‌سـتینی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ و گه‌یشـتۆته‌ كه‌ناری ڕۆژئاوای داگیركراو.

ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ له‌ ئاكامی چه‌ند شه‌ڕ و پـێـكدادانێـكی نێوان چه‌كدارانی حه‌ماسی ده‌سه‌ڵاتدار و باڵی فه‌تحی سه‌ر به‌ سه‌رۆكی فه‌له‌سـتینی مه‌حمود عه‌باس له‌ شـاری غه‌ززه‌، 4 كه‌س ده‌كوژرێن و به‌لایه‌نی كه‌م 25 ی دیكه‌ش بریندار بوون.

كوژراوه‌كان بریتین له‌ 3 چه‌كداری باڵی فه‌تحی سه‌رۆك مه‌حمود عه‌باس و ئه‌ندامێـكی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس.

ئه‌فسه‌رێـكی گه‌وره‌ی فه‌تح، عه‌قید محه‌مه‌د غه‌ریب له‌ نێو كوژراوه‌كاندا بوو.

شه‌ڕ و پـێـكدادانه‌كانی ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ باكوری كه‌ناری ڕۆژئاواشی گرته‌وه‌، به‌ پـێی قسه‌ی گه‌واهیده‌ران ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسـراو هێرشـیان كردۆته‌ سه‌ر دوو كاربه‌ده‌سـتی گه‌وره‌ی حه‌ماس.

هه‌روه‌ها به‌شـار كارمی جێـگری به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌زاره‌تی ته‌ندروسـتی فه‌له‌سـتینی سه‌ر به‌ گروپی حه‌ماس له‌ نیوه‌ شه‌ودا ڕفێنرا و به‌ره‌به‌یان ئازاد كرا.

له‌ شـارۆچـكه‌ی جنینیش هێرشبه‌ران ئۆتۆمبیلی كاربه‌ده‌سـتێـكی دیكه‌ی حه‌ماسیان سوتاندووه كه‌ ناوی وه‌سفی كه‌بهایه‌ و وه‌زیری كاروباری به‌دیلـگیراوه‌كانه‌.

هاوكات ڕۆژنامه‌نووسـانی فه‌له‌ستینی خۆپـیشـاندانێـكی ناڕه‌زایـیان له‌ دژی ڕفاندنی وێنه‌گرێـكی ڕۆژنامه‌وانی سـازكرد.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ غه‌ززه‌ جێم ڕازووری وێنه‌گر كه‌ بۆ ئاژانسی فرانس پـرێسی فه‌ره‌نسی كار ده‌كات ڕفێندرا، وه‌ هه‌تا ئێسـتا هیچ هه‌واڵـێـكی خۆی یان ڕفێنده‌رانی نیـیه‌.

XS
SM
MD
LG