Accessibility links

ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ پـێده‌چێت وێنه‌ی ئیعدامكردنه‌كه‌ی سه‌دامی گرتبێت لـێـكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت


ڕاوێـژكاری نوری ئه‌لمالكی سه‌رۆك وه‌زیری عێراق ده‌ڵێت كاربه‌ده‌سـتانی عێراقی كه‌سـێـكیان ده‌سـتگیركردووه‌ كه‌ گومانی ئه‌وه‌ی لـێده‌كرێت به‌ نهێنی وێنه‌ی ئیعدامكردنه‌كه‌ی سه‌دام حسێنی گرتبێت.

كاربه‌ده‌سـتان گوتیان ئه‌وان لـێـكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا ده‌كه‌ن كه‌ ته‌له‌فونێـكی ده‌ستی به‌ كامێرای به‌ شـێوه‌یه‌كی قاچاغ بردۆته‌ ژوری له‌سـێداره‌دانه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیعدامكردنه‌كه‌ی سه‌دام تۆمار بكات.

ئه‌و ڤیدیۆ بێ مۆڵه‌ته‌ی كه‌ پـیشـانی ده‌دات شایه‌ته‌كان سـووكایه‌تی به‌ دیكـتاتۆری پـێشـوو ده‌كه‌ن گرژیـیه‌ تایفیـیه‌كانی له‌ عێراق زیاتركرد و ڕه‌خنه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یشی لێـكه‌وته‌وه‌.

كۆشـكی سـپی ڕه‌تیـكرده‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ شـێوازی ئیعدامكردنه‌كه‌ بگرێت، وه‌ گوتی لـێـپـرسـراوانی ئه‌مریكی له‌ به‌غدا نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیوه‌.

هاوكات نوری ئه‌لمالكی سه‌رۆك وه‌زیری عێراق ده‌ڵێت ئه‌و حه‌ز ده‌كات واز له‌ پـۆسـته‌كه‌ی بهێنێت پـێش ئه‌وه‌ی ماوه‌ی چوار سـاڵه‌كه‌ی ته‌واو بێت.

له‌ چاوپـێـكه‌وتنێـكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی واڵ ستریتی ئه‌مریكی به‌ڕێز ئه‌لمالكی گوتی ئه‌و خولێـكی دیكه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری ناوێت. گوتیشی كاره‌كه‌ی سه‌خت بووه‌ به‌هۆی ناكۆكیـیه‌كانی ناو حكومه‌تی یه‌كگرتووی نیشـتیمانی شـیعه‌ و سونه‌ و كورد.

چاوپـێـكه‌وتنه‌كه‌ پـێش زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وپـێش ئه‌نجامدراوه‌.

به‌ڕێز ئه‌لمالكی به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی توندوتیژی تایفی ڕه‌خنه‌ی زۆری لـێـگیراوه‌. ڕه‌خنه‌گران ده‌ڵێن ئه‌و ڕێـگه‌ی به‌ تیمه‌كانی مه‌رگی شیعه‌كان داوه‌ كار بكه‌ن به‌ بێ ترسی سـزادان.

له‌ هه‌واڵه‌كانی دیكه‌ی عێراق له‌شـكری ئه‌مریكی ده‌ڵێت هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان 23 تیرۆریستی گومانلێـكراوی سه‌ر به‌ قاعیده‌یان ده‌سـتگیر كردووه‌.

دادگایه‌كی عێراقیش سـزای مه‌رگی به‌سه‌ر سێ تیرۆریستی بـیانیدا داوه‌ به‌ تاوانی په‌یوه‌ندیـیان به‌ قاعیده‌وه‌ و هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی كاری تیرۆریستی.

XS
SM
MD
LG