Accessibility links

دوای دوو ڕۆژ له‌ ئیعدامكردنی سه‌دام حسێن كاری توندوتیژی له‌ عێراق به‌رده‌وامه‌


به‌ دوو ڕۆژ دوای له‌سـێداره‌دانی دیكتاتۆری پـێشـووی عێراقی سه‌دام حسێن له‌ شـاری به‌غدا كاری توندوتیژی له‌ عێراق به‌رده‌وامه‌.

فه‌رمانده‌ی له‌شـكری ئه‌مریكایی ڕاده‌گه‌یه‌نێت له‌و كاته‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ حه‌شـارگه‌یه‌ك كه‌ به‌گوێره‌ی زانیاری ئیسـتخباراتی ئه‌مریكایی ڕاگه‌یه‌ندرابوو ئه‌ندامانی تۆڕی ئه‌لقاعیده‌ له‌ گه‌ڕه‌كێـكی سونه‌ نشین له‌ به‌غدا تیایدا خۆیان حه‌شـار دابوو سه‌ربازانی ئه‌مریكایی 6 تیرۆریسـتیان كوشـتووه‌. دواتر ئاشـكرا بوو یه‌كێـك له‌و خانوبه‌رانه‌ موڵـكی سـاڵح موتـڵه‌گی سـیاسه‌تمه‌داری عه‌ره‌بی سونه‌یه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌شـكری ئه‌مریكایی ده‌ڵێت له‌و ده‌مه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكایی له‌و خانوبه‌رانه‌ نزیك ده‌بوونه‌وه‌ ته‌قه‌یان لێـده‌كرێت و ئه‌وانیش لێـیان دێنه‌ ده‌ست و تیرۆریسـته‌كان ده‌كوژن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ماڵپه‌ڕێـكی باوه‌ڕ پـێـكراو كه‌ ناونیشـانه‌كه‌ی (www.icasualties.org)، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌وا ژماره‌ی قوربانیـیه‌كانی له‌شـكری ئه‌مریكی له‌ عێراق گه‌یشـتۆته‌ 3 هه‌زار كه‌س.

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا ئه‌و ژماره‌یه‌ی پـشـتڕاست نه‌كردۆته‌وه‌‌.

له‌ هه‌واڵه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ عێراق، ڕاپـۆرته‌كان وا ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌وا ڕه‌غده‌، كچه‌ گه‌وره‌كه‌ی سه‌دام حسێن، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ خۆپـیشـاندانێـكی ناڕه‌زایی له‌دژی له‌سـێداره‌دانی دیكتاتۆری له‌كار لابراو به‌شـداریـكردووه‌.

ماته‌مگـێڕه‌ سـونه‌كانی ئه‌وانه‌ی له‌ ناشـتنی ته‌رمه‌كه‌ی سه‌دامدا به‌شداریـیان كردبوو به‌ڵێـنیان داوه‌ تۆڵه‌ بسـێنن.

ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ چۆنێتی جێبه‌جێـكردنی له‌سێداره‌دانی سه‌دام ده‌گرن ده‌ڵێن به‌شـێوازێـكی تایفی به‌ڕێوه‌چوو.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ له‌و كاته‌ی كه‌ سه‌دام له‌ مردن نزیـك ده‌كه‌وته‌وه‌ جه‌لاد و شـایه‌ته‌ شیعه‌كان هاواریان ده‌كرد موقته‌دا، كه‌ مه‌به‌سـتیان موقته‌دا ئه‌لسه‌در بووه‌.

ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز ده‌ڵێت لـێـپـرسـراوانی ئه‌مریكایی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوون ڕۆژی شه‌ممه‌ سه‌دام له‌سـێداره‌ بدرێت چونكه‌ ڕێـككه‌وتی جه‌ژنێـكی ئاینی ئیسلام بووه‌، به‌ڵام كاربه‌ده‌سـته‌ عێراقیـیه‌كان له‌سه‌ر جێبه‌جێـكردنی له‌و ڕۆژه‌دا سوربوون.

XS
SM
MD
LG