Accessibility links

كاردانه‌وه‌ی جیهان له‌سه‌ر له‌سـێداره‌دانی سه‌دام


كاردانه‌وه‌ی له‌سـێداره‌دانی دیكتاتۆری پـێشـووی عێراق له‌ ناو وڵاتانی جیهاندا به‌ شـێوازی جیاواز ڕه‌نگی دایه‌وه‌، له‌ نێوان خۆشـحاڵی و سه‌رزه‌نشـتكردن و ته‌نانه‌ت توڕه‌بوونیش.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ فه‌له‌سـتینیـیه‌كان له‌ كه‌ناری ڕۆژئاوا ناڕه‌زایی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ له‌سێداره‌دانی سه‌دام ده‌ربڕی.

دانیشـتوانی شـاره‌كانی بێت له‌حم و جنین ڕژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان و خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایـیان سـازكرد.

پـێشـتر ڕۆژی شه‌ممه‌ حكومه‌تی فه‌له‌سـتینی به‌ڕێبه‌رایه‌تی حه‌ماسـیش نه‌فره‌تی له‌ هه‌ڵواسـینه‌كه‌ی سه‌دام كرد.

ڕۆژی شه‌ممه‌ش له‌ شـاری به‌غدا سه‌رۆك وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالكی ڕایگه‌یاند كه‌ به‌ مردنی سه‌دام به‌شـێـكی تاریك له‌ مێژووی عێراق داخرا، گوتیشی به‌م مردنه‌ ڕێبازی دووبه‌ره‌كی كه‌ بۆ ماوه‌ی 35 سـاڵه‌ له‌ عێراقدا به‌رده‌وام بوو كۆتایی پـێهات.

هه‌روه‌ها نوری ئه‌لمالكی هانی لایه‌نگرانی سه‌دامی له‌ سونیـیه‌ به‌عسـیـیه‌كان دا ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌سـتیان به‌ خوێنی خه‌ڵكی بێ تاوان سوورنیـیه‌ هاوبه‌شی له‌ بنیادنانی عێراق بكه‌ن.

له‌ واشـنتۆنیش سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت له‌سـێداره‌دانی دیكتاتۆری پـێشـووی عێراق سه‌دام حسێن هه‌نگاوێـكی گرنگه‌ بۆ عێراق له‌سه‌ر ڕێـگای بوونی به‌ وڵاتێـكی دیموكراسی كه‌ بتوانێت خۆی به‌ڕێوه‌به‌رێت و به‌رگری له‌ خۆی بكات، به‌ڕێز بوش ده‌ڵێت به‌ مردنی سه‌دام سـاڵێـكی قورس بۆ خه‌ڵـكی عێراق كۆتایی پـێدێت، به‌ڵام هۆشـیاری ئه‌وه‌ی دا كه‌ مردنی سه‌دام توندوتیژی له‌ عێراقدا ڕاناگرێت.

ڕێـكخراوی مافه‌كانی مرۆڤ و ئه‌و وڵاتانه‌ی دژ به‌ سـزای له‌سـێداره‌دانن ئیعدامكردنی سه‌دامیان سه‌رزه‌نشتـكرد. ڕێـكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ بنكه‌ له‌ ئه‌مریكا ئیعدامكردنه‌كه‌ی سه‌دامی به‌ ناڕه‌وایی ناوزه‌ند كرد و گوتی هه‌رچه‌نده‌ دیكتاتۆری پـێشـووی عێراق به‌ پـێشـێـلكه‌رێـكی گه‌وره‌ی مافه‌كانی مرۆڤ ناسراو بوو به‌ڵام له‌سێداره‌دانه‌كه‌ دڕندانه‌ و نامرۆڤانه‌ بووه‌.

هاوكات خۆپـیشـاندان له‌ دژی ئیعدامـكردنه‌كه‌ی سه‌دام له‌ چه‌ند وڵاتێـكی جیهاندا ڕوویدا، له‌وانه‌ عێراق و پاكسـتان و هیندسـتان.
ڤاتیكان له‌سێداره‌دانی سه‌دامی سه‌رزه‌نشتـكرد و به‌ ڕووداوێـكی خه‌مناك ناوزه‌ندی كرد.
به‌ڵام كوه‌یت ئیعدامكردنه‌كه‌ی به‌كارێـكی ڕه‌وا ناوزه‌ند كرد.
ئێرانیش ڕووداوه‌كه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتنـێـك بۆ خه‌ڵـكی عێراق ناوبرد.
لیبیاش سێ ڕۆژ ماته‌مینی فه‌رمی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ڕاگه‌یاند.

XS
SM
MD
LG