سه‌رۆکی پێشووی ئه‌مه‌ریکا جێراڵد فۆرد له ته‌مه‌نی 93 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. به‌ڕێز فۆرد له ماوه‌ی ئه‌مساڵدا ڕه‌وشی ته‌ندروستی به‌ره‌و خراپی ڕۆیشتبوو، تووشی نیمۆنیا بوو و دوو نه‌شته‌رگه‌ری دڵی بۆ ئه‌نجامدرا. هه‌روه‌هاش له شاڵی 2000 دا جه‌ڵته‌یه‌کی مام ناوه‌ند لێیدا. سی و هه‌شت هه‌مین سه‌رۆکی ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ناسراوه به‌وه‌ی پیاوێک بووه که به درێژایی مێژووی ئه‌مه‌ریکا و له ساته تاریکه‌کانیدا تایبه‌تی حه‌زی به یارمه‌تیدانی ووڵاته‌که‌ی کردووه.
جێراڵد فۆرد له ساڵی 1973 دا بووه یه‌که‌م جێگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا که به بێ هه‌ڵبژاردن ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌و پۆسته هه‌ڵبژێرا تاوه‌کو جێگه‌ی جێگری سه‌رۆکی ئه‌و کاته سپایرۆ ئاگنیۆ بگرێته‌وه که له‌و کاته‌دا به زۆر له پۆسته‌که‌ی لابرا به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به گه‌لێک مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی داراییه‌وه هه‌بوو.
دوای که‌متر له ساڵێکیش له 9 ی مانگی هه‌شتی ساڵی 1974 دا، سه‌رۆک ریچارد نکسن زۆری لێ‌کرا که له پۆسته‌که‌ی بکشێته‌وه به‌هۆی مه‌سه‌له ئابڕوچوونه‌که‌ی واته‌رگه‌یت. له‌و کاته‌دا، واپێده‌چوو حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکی هه‌ست به شێواندنێکی زۆر بکات. بۆ دڵنیاکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی گشتی ئه‌مه‌ریکاش، یه‌که‌م هه‌نگاوی جێراڵد فۆرد ئه‌وه‌بوو که سه‌رۆکایه‌تی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت.
جێراڵد فۆرد خه‌ڵکی شاری گراند راپدس ی ویلایه‌تی مشیگانه و کۆلێجی له‌وێ ته‌واو کردووه و هه‌رله‌وێش بۆته یاریزانی فوتبۆڵی ئه‌مه‌ریکی. فۆرد کۆلێجی یاسای ته‌واو کردووه و له پاشدا به‌شداری جه‌نگی جیهانی دووه‌می کردووه. له ساڵی 1948 دا، وه‌ک ئه‌ندامێکی کۆنگرس هه‌ڵبژێرا تاوه‌کو نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی مشیگان بکات.
له واشنتۆنیش، به‌ڕێز فۆرد له نێو دۆسته کۆمارییه‌کانیدا ناوبانگێکی باشی هه‌بوو و ناسراو بوو به‌وه‌ی که خۆی زۆر ماندوو ده‌کرد و وه‌فاداری پارته‌که‌ی بووه. سه‌باره‌ت به کێشه ناوخۆییه‌کانیش، وه‌ک که‌سێکی پارێزراو ده‌نگی بۆ ده‌درا. سه‌باره‌ت به کێشه بیانیه‌کانیش لایه‌نی باڵی ئینته‌رناسیۆنالیستی پارته‌که‌ی خۆی گرتبوو.
به‌ڕێز فۆرد هه‌رگیز نه‌یویستبوو ببێته سه‌رۆک. خواست و ئاواته‌کانی هاتبووه دی کاتێک به ڕێبه‌ری لایه‌نی که‌مایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریکا له ساڵی 1965 دا هه‌ڵبژێرا.
له دوای 9 ساڵ له وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته، به‌ڕێز فۆرد له نێوه‌ندی کاره‌ساتێکی نیشتمانیدا پۆستی سه‌رۆکایه‌تی وه‌رگرت. سه‌رۆکی کارمه‌ندانی کۆشکی سپی ئه‌و کاته‌ش دۆناڵد ڕامسڤڵد، گوتویه‌تی ئامانجی سه‌ره‌کی جێراڵد فۆرد ئه‌وه‌بوو که باوه‌ڕومتمانه‌یی بۆ ڕێبه‌رایه‌تی نیشتمانی ووڵات بگه‌ڕێنێته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، جێراڵد فۆرد پاش وه‌رگرتنی پۆسته‌که‌ی به یه‌ک مانگ بڕیارێکی وه‌های دا که هیوای سه‌رکه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بۆ بوونه‌وه به سه‌رۆکی ووڵات له خولێکی دیکه‌دا نه‌هێشت. بۆ کۆتایی هێنان به‌و کێشه‌یه‌ی دووچاری ووڵات بووبۆوه به‌هۆی مه‌سه‌له‌ی واته‌رگه‌یت، به‌ڕێز فۆرد به شێوه‌یه‌کی ته‌واوه‌تی له سه‌رۆک ریچارد نکسن خۆش‌بوو.
وه‌زیری ڕاگه‌یاندنی ئه‌وکاته‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی فۆرد، جێراڵد تێرهۆرست، که پێش ڕاگه‌یاندنی ئه‌و لێخۆشبوونه وازی هێنا، گوتی ئه‌و لێخۆشبوونه بووه هۆی ئه‌وه‌ی جێراڵد فۆرد نه‌توانێت سه‌رۆکایه‌تی خۆی بۆ خولێکی دیکه بهێڵێنێته‌وه. تێرهۆرست گوتی ئه‌و لێخۆشبوونه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ریچارد نکسن له دادگایی کردن ده‌رباز بکات.
هه‌ر به‌هۆی ئه‌و لێخۆشبوونه‌شه‌وه، هه‌وڵه‌کانی به‌ڕێز فۆرد بۆ گه‌لێک مه‌سه‌له ژێرخرا وه‌ک گه‌شه‌پێدانی ئابوری ئه‌مه‌ریکا و له‌شکری ئه‌مه‌ریکی و بوژاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جه‌ختکردنه‌وه سه‌ر ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا بۆ جیهان.
له ساڵی 1976 دا، جێراڵد فۆرد له به‌رامبه‌ر جیمی کارته‌ری به‌ربژاری دیموکراته‌کان شکستی هێنا له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی که هه‌ردوولایان ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی به‌ده‌ستیان هێنابوو زۆر له یه‌كه‌وه نزیک بوون. به‌ڕێز فۆرد گوتویه‌تی سه‌رباری شکستهێنانی ئه‌و هه‌ستی به دڵنیایی کردووه کاتێک توانی باوه‌ر و متمانه‌یی بۆ ناو حکومه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه.
هه‌رده‌م که یادی به‌ڕێز جێراڵد فۆردیش ده‌کرێته‌وه به که‌سێکی قسه خۆش و کراوه و ڕاستگۆ و دڵسۆز و به به‌زه‌یی ناوده‌برێت که له سه‌رده‌مێکی تاریکی مێژووی ئه‌مه‌ریکادا ووڵاتی به‌ره‌و پێشه‌وه برد.