جه‌یمس براون گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریكی كه به " كاروان سالاری ستایه‌ڵی سۆوڵ" داده‌نرێت له ته‌مه‌نی 73 ساڵیدا گیانی له ده‌ستدا.
فرانك كۆپسایداس به‌ڕێوبه‌ری كاروباره‌كانی جه‌یمس براون گوتویه‌تی گۆرانیبێژی ناوبراو ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ڕێكه‌وتی 24 ی مانگی دیسه‌مبه‌ر به‌هۆی تووشبوونی به نه‌خۆشی نیمۆنیا كه نه‌خۆشی‌یه‌كه دووچاری سی ده‌بێته‌وه گه‌یه‌ندرایه نه‌خۆشخانه‌ی " ئێمۆری كراوفۆرد لۆنگ" له شاری ئه‌تڵه‌نتای ویلایه‌تی جۆرجیا و له كاتژمێر 1:45 ی سه‌ر له به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه گیانی له ده‌ستدا.
جه‌یمس براون ناسراوه به‌وه‌ی كه " له بواری كارگوزاری نمایش كردن‌دا، له هه‌موو كه‌سێكی دیكه زیاتر زه‌حمه‌تی كێشاوه." براون به‌ناوبانگه به‌وه‌ی كه توانیویه‌تی موزیكی ریتم و بلوز بكاته ستایه‌ڵی سۆوڵ كه جۆرێكه له‌و موزیكه ئاینی‌یانه‌ی له نێو ئه‌مه‌ریكی‌یه پێست ڕه‌شه‌كاندا سه‌ری هه‌ڵداوه. هه‌روه‌ها توانیویه‌تی ستایه‌ڵی سۆوڵ بۆ ستایه‌ڵی فه‌نك بگۆڕێنێت كه له ساڵانی 1960 و 1970 دا باو بوون. براون له گه‌شه‌پێدان به موزیكی دیسكۆ و راپیش‌دا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه.
جه‌یمس براون یه‌كێك بووه له‌و هونه‌رمه‌نده هه‌وه‌ڵیانه‌ی كه له Rock and Roll Hall of Fame له ساڵی 1986 دا ڕێزی لێ گیراوه و له ساڵی 1992 دا خه‌ڵاتی گرامی بۆ ده‌ستكه‌وتی ژیان وه‌رگرتووه.
به‌ڕێوبه‌ری كاره‌كانی جه‌یمس براون گوتوشیه‌تی تاوه‌كو ئێستا هۆكاری گیان له ده‌ستدانه‌كه‌ی به ته‌واوه‌تی دیاری نه‌كراوه.
له گۆرانی‌یه به‌ناوبانگه‌كانی جه‌یمس براون. "Out of Sight," "I Got You," and "Say it Loud -- I'm Black and I'm Proud"