Accessibility links

كۆمه‌ڵـێـك چه‌كدار 21  هاوڵاتی شیعه‌ له‌ باكوری به‌غدا ده‌كوژن


پـۆلیسی عێراقی ڕایگه‌یاند كۆمه‌ڵـێـك چه‌كدار هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر دوو ماڵی شیعه‌ له‌ پارێزگای دیالا، وه‌ 21 كه‌سـیان كوشـتووه‌.

ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵـێن له‌ دره‌نگ كاتـێـكی شه‌وی هه‌ینی هێرشـبه‌ره‌كان 21 پـیاویان له‌ ماڵه‌كانیان هێناوه‌ته‌ ده‌رێ و به‌ گولله‌ باران كوشـتویانن. سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه‌ ته‌رمه‌كانیان دۆزراوه‌ته‌وه‌.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ دوای زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌كانی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ی گه‌ڕه‌كی سه‌دری شـاری به‌غدا كه‌ بووه‌ مایه‌ی كوژرانی زیاتر له‌ 200 كه‌س توندوتیژیـیه‌كان له‌و وڵاته‌ ڕووی له‌ زیادبوون كردووه‌.

پاش ڕۆژێـك شـه‌پـۆلێـك هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر مزگه‌وتی سوونه‌كان له‌ به‌غدا كه‌ پـێـده‌چێت چه‌كداره‌ شـیعه‌كان وه‌ك كارێـكی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ئه‌نجامیان دابێت، وه‌ له‌ ئاكامدا 30 كه‌س كوژراون. تا ئێسـتاش پایته‌ختی به‌غدا له‌ ژێر باری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆدایه‌.

هاوكات له‌شـكری ئه‌مریكی له‌ عێراق ڕایگه‌یاند هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌لایه‌نی كه‌م 22 یاخیبوویان له‌گه‌ڵ هاوڵاتیـیه‌ك له‌ كرده‌وه‌ له‌شـكریـیه‌كانی ڕۆژی شه‌ممه‌ی باكوری شـاری به‌غدا كوشـووه‌.

له‌ به‌ره‌ی سـیاسیـشه‌وه‌، جـێـگری سه‌رۆكی ئه‌مریكی دیك چینی گه‌یشـته‌ عه‌ره‌بسـتانی سه‌عودی به‌مه‌به‌ستی وتووێـژكردن له‌گه‌ڵ شـا عه‌بدوڵـڵا، وه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت مه‌سه‌له‌ی عێراق له‌ سه‌ره‌وه‌ی خشـته‌ی باسه‌كانیان بێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رۆكی عێراقی جه‌لال تاڵه‌بانی وای دانابوو ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌ره‌و تاران به‌ڕێ بكه‌وێت بۆ وتووێـژكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئێرانی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، به‌ڵام به‌هۆی ناله‌باری بارودۆخی ئاسایشی به‌غدا سه‌ردانه‌كه‌ی دواخست، وه‌ گوتویه‌تی ئه‌گه‌ر یه‌كشه‌ممه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا بكرێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌ڕوات.

سه‌رۆك بوش و سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالیكی وایان داناوه‌ هه‌ردوو ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ و پـێنجشه‌ممه‌ له‌ عه‌مانی پایته‌ختی ئوردن كۆبـبنه‌وه‌ بۆ وتووێـژكردن سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی ئێسـتای عێراق.

XS
SM
MD
LG