Accessibility links

به‌لایه‌نی كه‌م 160 كه‌س له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌دری شـاری به‌غدا ده‌كوژرێن


پـۆلیسی عێراقی ده‌ڵێت به‌لایه‌نی كه‌م 160 كه‌س به‌هۆی هێرشی خۆكوژی و كه‌وتنی گولـله‌ هاوه‌ن له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌دری شـاری به‌غدا كوژراون.

كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ 5 ئۆتۆمبیلی به‌ بۆمبڕێژكراو له‌و گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژار نشینه‌ شـیعه‌یه‌دا ته‌قیوه‌ته‌وه‌. به‌لایه‌نی كه‌م 250 كه‌سی دیكه‌ش له‌و هێرشـانه‌دا بریندار بوون.

پـێشـتر له‌شـكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند هێزه‌ عێراقیـیه‌كان به‌ هاوكاری هاوپه‌یمانان هێرشـێـكیان كردۆته‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆ ده‌سـتگیركردنی ڕێبه‌رێكی شـانه‌یه‌كی ڕفاندن و كوشـتن. ڕاگه‌یاندنه‌ له‌شـكریـیه‌كه‌ ده‌ڵێت باوه‌ڕ ده‌كرێت ڕێبه‌ری ئه‌و شـانه‌یه‌ شوێنی ئه‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مریـكیـیه‌ بزانێت كه‌ مانگی ڕابردوو ڕفێندرا.

شـایه‌ت حاڵه‌كان ده‌ڵێن 4 كه‌س به‌ ده‌ستی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌در كوژران. له‌شـكری ئه‌مریكی هیچی له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕانه‌گه‌یاند.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌ڵـێن زیاتر له‌ 30 چه‌كدار هێرشـیان كردۆته‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروسـتی له‌ به‌غدا، وه‌ له‌ ئاكامدا شه‌ڕ و پـێـكدادانی توند له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئاسایشدا ڕوویداوه‌.

كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ ناو باڵه‌خانه‌كدا گیریان خوارد كاتێـك هێرشبه‌ره‌كان گولله‌ هاوه‌نیان هه‌ڵدا. به‌ڵام هیچ له‌ باره‌ی زیانه‌كان ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

هه‌روه‌ها له‌شـكری ئه‌مریكی ده‌ڵێت 3 سه‌ربازی هێزه‌كانی مارینز كه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار به‌ سه‌ختی بریندار بووبوون، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا.

XS
SM
MD
LG