Accessibility links

نزیكه‌ی 100 كه‌س له‌ عێراق ده‌كوژین و یان ته‌رمه‌كانیان ده‌دۆزرێته‌وه‌


دووشه‌ممه‌ ڕۆژێـكی دیكه‌ی خوێناوی عێراق بوو، به‌هۆی زنجیره‌یه‌ك هێرش و كاری كوشـتنكاری نزیكه‌ی 100 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا.

كاربه‌ده‌سـتانی عێراقی ده‌ڵێن ته‌رمی 75 كه‌س له‌ وڵاته‌كه‌دا دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ر 60 یان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی به‌غدا بووه‌. لاشه‌كان شوێنی ئه‌شـكه‌نجه‌دانیان پـێوه‌ دیار بووه‌.
پـێشـتر هه‌ر ڕۆژی دووشه‌ممه‌، پـۆلیسی عێراقی ڕایگه‌یاند كه‌ ته‌رمی 14 كه‌سـیان له‌ نزیـك دوجێل له‌ باكوری به‌غدا دۆزیوه‌ته‌وه‌، وه‌ پـێده‌چێت عه‌ره‌بی سـوونه‌ بن.

هه‌روه‌ها دوو كاربه‌ده‌ستی شیعه‌ش له‌ مردن ڕزگاریان بوو پاش ئه‌وه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری به‌غدا هه‌وڵی كوشـتنیان درا. جێـگری وه‌زیری ته‌ندروسـتی حه‌كیم ئه‌لزاملی به‌ په‌یامنێرانی گوت دوو له‌ پاسه‌وانه‌كانی گیانیان له‌ ده‌ستدا كاتێـك كاروانی ئۆتۆمبیله‌كانی له‌ ناوه‌ندی به‌غدا له‌ گه‌ڕه‌كی فه‌زڵ كه‌وته‌ پۆسه‌یه‌كه‌وه‌.

له‌ باشوری شـاری به‌غداش بۆمبێـكی لاڕێ به‌ كاروانی ئۆتۆمبیله‌كانی وه‌زیری ده‌وڵه‌ت محه‌مه‌د ئه‌لعرێبی ته‌قیوه‌ته‌وه‌، وه‌ هیچ زیانی گیانی لـێ نه‌كه‌وتۆته‌وه‌.

كارمه‌ندێـكی ته‌له‌فزیۆنێـكی عێراقیش ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ به‌غدا ته‌قه‌ی لێـكراوه‌ و له ئاكامدا گیانی له ده‌ستداوه. وه‌لید حه‌سه‌ن بابه‌تی كۆمیدی پێشكه‌ش ده‌كرد تاوه‌كو كه‌مێـك ئاسوده‌یی بدات به‌ دڵی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه له ڕووداوه‌ توندوتیژیـیه‌كانی عێراق بێزار بوون.

هاوكات له‌شـكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ڕۆژی دووشه‌ممه‌ هه‌ڵمه‌تیان كردۆته‌ سه‌ر بنكه‌كانی میلیتانه‌ شیعه‌كان له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌در به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌ دوای شانه‌یه‌كی چه‌كدار كه‌وا باوه‌ڕ ده‌كرێت ده‌سـتیان هه‌بێت له‌ ڕفاندن و كوشـتنی سه‌رباز و هاوڵاتی سڤیلی عێراقی.

هه‌روه‌ها له‌شـكری ئه‌مریكیش ڕایگه‌یاند ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ سه‌ربازێـكی مارینز له‌ شه‌ڕ و پـێـكدادانه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار كوژراوه‌.

له‌ به‌ره‌ی سـیاسـیشه‌وه‌، كار‌به‌ده‌سـتانی عێراقی ده‌ڵـێن سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی ڕۆژی شه‌ممه‌ سه‌ردانی تاران ده‌كات به‌مه‌به‌ستی وتووێـژكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئێرانی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد. پـێشـبینی ده‌كرێت وتووێژه‌كانیان سه‌نگ بخاته‌ سه‌ر ڕه‌وشی ئاسایش له‌ عێراق.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌ر ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ به‌غدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا وه‌لید ئه‌لموعه‌لم گوتی ئاشتی و ئاسایشی عێراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌یه‌تی.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ له‌وه‌تای كه‌وتنی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسێن له‌ سـاڵی 2003 دا گه‌وره‌ كاربه‌ده‌سـتێـكی سوری سه‌ردانی عێراق بكات.

XS
SM
MD
LG