Accessibility links

هێشتا گه‌ڕان به‌ شوێن ڕفێندراوه‌ بیانی‌یه‌کانی عێراق به‌رده‌وامه‌


هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکی و عێراقی هێشتا به‌رده‌وامن له گه‌ڕان به‌ شوێن ئه‌و کۆنتراکته‌ره‌ ئاسایشیه‌ خۆرئاواییانه‌ی له باشوری عێراق ڕفێندراون.

کاربه‌ده‌ستانی عێراقی ده‌ڵێن ڕۆژی شه‌ممه‌ هێزه‌کانی ئاسایش له ناوچه‌کانی نزیک شاری به‌سره‌ به‌ شوێن ڕفێندراوه‌کاندا گه‌ڕاون که‌ بریتین له‌ چوار ئه‌مه‌ریکی و نه‌مساوییه‌ک.

تاوه‌کو ئێستا چاره‌نوسی ڕفێندراوه‌کان ئاشکرا نی‌یه‌، به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانی عێراقی له ڕۆژی هه‌ینی‌دا ڕایانگه‌یاند که‌وا یه‌کێک له ڕفێندراوه‌کان به‌ مردوییه‌تی دۆزراوه‌ته‌وه‌ و دووانی تریشیان له میانه‌ی هه‌ڵمه‌تێکی هێزی پۆلیس‌دا ئازاد کراون. به‌ڵام هێزی پۆلیسی به‌سره‌ به‌ ئاژانسی ئه‌سۆشیه‌تت پرێسی ڕاگه‌یاندووه‌ که‌وا هیچ کام له ڕفێندراوه‌کان ئازاد نه‌کراون.

له لایه‌کی دیکه‌ش، له‌شکری ئه‌مه‌ریکی له عێراق ده‌ڵێت هێزه‌کانی هاوپه‌یمان 11 یاخیبوییان کوشتووه‌ و 24 گومانلێکراوی تیرۆریستی تریشیان ده‌ستگیر کردووه‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تیان بردۆته‌ سه‌ر تکریت و باقوبه‌ و هیت و یوسفیه‌ و به‌غدا.

هه‌روه‌ها له‌شکری ئه‌مه‌ریکی له ڕۆژی شه‌ممه‌دا هه‌ڵمه‌تیان بردۆته‌ سه‌ر گه‌ڕه‌کی شاری سه‌در له‌ به‌غدا تاوه‌کو به‌ شوێن قوربانی‌یه‌ ڕفێندراوه‌کانی پایته‌خت‌دا بگه‌ڕێن و شانه‌ تیرۆریستی و ڕفێنه‌ره‌کان له‌ناو به‌رن.

له‌شکر ده‌ڵێت ڕاپۆرته‌کانی ده‌زگای زانیاری نیشانی ده‌ده‌ن که‌وا باوه‌ڕده‌کرێت ڕفێنراوه‌کانی هه‌فته‌ی ڕابردووی به‌غدا له لای ئه‌و گروپه‌ بن که‌ ئامانجی هه‌ڵمه‌ته‌که‌یان بووه‌، .‌

XS
SM
MD
LG