Accessibility links

سـڕبیا به‌نیازه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی پـێش واده‌ی خۆی ئه‌نجام بدات


سه‌رۆكی سـڕبی بۆریس تادیچ داوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵـبژاردنی په‌رله‌مانی پـێش واده‌ی خۆی كرد، پاش ئه‌وه‌ی ده‌سـتوری نوێـی وڵاته‌كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا په‌سه‌ند كرا.

به‌ڕێز تادیچ ڕۆژی هه‌ینی به‌شـێوه‌یه‌كی ڕه‌سـمی ڕایگه‌یاند كه‌وا له‌ 21 ی مانگی یه‌كی سـاڵی داهاتوودا هه‌ڵـبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت، كه‌ پـێشـتر ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ ڕێبه‌رانی سـیاسی سـڕبیا له‌سه‌ری ڕێـكـكه‌وتبوون.

ده‌سـتوره‌ نوێـیه‌كه‌ له‌ ڕاپـرسـیـیه‌كدا مانگی ڕابردوو په‌سه‌ند كرا و ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌ فه‌رمی ڕاگه‌یه‌ندرا. به‌پـێی ئه‌و ده‌سـتوره‌ كۆسـۆڤۆ كه‌ ئێسـتا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات به‌شـێـكی‌ جیا نه‌كراوه‌یه‌ له‌ سـڕبیا.

ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌لگراد و نوێنه‌رانی ئه‌لبانیـیه‌كان له‌ مانگی سێدا به‌شـداری كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیان كرد كه‌ بۆ باسـكردنی ئاینده‌ی هه‌رێمی كۆسـۆفۆ بوو، به‌ڵام پـێشـكه‌وتنێـكی كه‌میان به‌ده‌ستهێنا. ئه‌لبانیـیه‌كانی كۆسۆڤۆ سـوورن له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی هه‌رێمه‌كه‌یان له‌ سـڕبیا.

هه‌ر ڕۆژی هه‌ینی له‌ ڤیه‌نـنا ناوبژیوانی سه‌ره‌كی له‌ وتووێـژه‌كاندا مارتی ئاهتیساری گوتی ئه‌و ئامۆژگاریـیه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كۆسـۆڤۆ ئاشكرا ناكات هه‌تا ده‌نگدانه‌كانی سـڕبیا ته‌واو نه‌بێت. ئاهتیساری ئه‌م لـێدوانه‌ی دا پاش كۆبوونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی شه‌ش وڵاته‌ سه‌ره‌كیـیه‌كه‌ی كه‌ چاودێری ڕه‌وشی كۆسـۆڤۆ ده‌كه‌ن.

شه‌ش وڵاته‌كه‌ بریتین له‌ به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسـا و ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا و ڕوسیا و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، وه‌ به‌ گروپی كۆنتاكت له‌م كێشه‌یه‌ ناوزه‌ند كراون.

XS
SM
MD
LG