وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌وا 57 كارمه‌ندی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان تاوانبار كردووه به‌وه‌ی سه‌رپێچی‌یان له مافه‌كانی مرۆڤ كردووه به‌وه‌ی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی به‌ندكراوانی زیندانخانه‌یه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدایان داوه.
ووته‌بێژ ژه‌نه‌راڵ عه‌بدولكه‌ریم خه‌ڵه‌ف ده‌ڵێت ئه‌فسه‌ره باڵاكان و پاسه‌وانانی نۆبه‌داری و كارمه‌نده سیڤیڵیه‌كان له نێو ئه‌و كه‌سانه‌دان كه تاوانباركراون و ئێستاكه له كاره‌كانیان لابراون و هه‌ر هه‌موویان دادگایی ده‌كرێن.
له لایه‌كی دیكه، له‌شكری ئه‌مه‌ریكی ده‌ڵێت له میانه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی ڕۆژی سێشه‌ممه‌دا له نزیك شارۆچكه‌ی بێجی له باكوری به‌غدا، هێزه‌كانی هاوپه‌یمان دوو گومانلێكراوی تیرۆریستیان كوشتووه و دوو كه‌سی دیكه‌شیان ده‌ستگیركردووه.
هه‌روه‌ها له‌شكری ئه‌مه‌ریكی ده‌ڵێت سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكی له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا له به‌غدا گیانی له ده‌ستداوه پاش ئه‌وه‌ی له ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی لاڕێ به سه‌ختی برینداربوو. وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ریتانیاش ده‌ڵێت له ئاكامی هێرشێكی یاخیبوان بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی له‌شكری له شاری به‌سره‌ی باشوری عێراق، سه‌ربازێكی به‌ریتانی گیانی له ده‌ستداوه.
هاوكاتیش، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی له ڕۆژی سێشه‌ممه‌دا فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدای نێونه‌ته‌وه‌ییان كرده‌وه و قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆیان له ناو پایته‌خت و دوو پارێزگای عێراق‌دا لابرد. هاتوچۆش قه‌ده‌غه‌كرابوو له‌به‌ر مه‌ترسی ڕوودانی توندوتیژییه‌كی زۆر له دوابه‌دوای ده‌رچوونی بڕیاری دادگا بۆ چه‌سپاندنی سزای مردن به سه‌ر سه‌دام حوسه‌ین‌دا.